راچڵەكین -
وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی زوو راییكردنی مامەڵەی خانەنشینان، چەند بڕیارێك دەردەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد و لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانی كۆڵییەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، وەزیری دارایی جەختی لەسەر زوو راییكردنی مامەڵەی خانەنشینان كردەوە و چەند بڕیارێكی پێویستی لەوبارەیەوە دەركرد.
1- چالاككرن و بەرەوپێشبردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی كاروباری خانەنشینان و دابینكردنی پێداویستییەكانی لەماوەیەكی كورتدا.
2- دابەزاندنی دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و شار و شارۆچكەكان.
3- ڕەوانەكردنی فەرمانبەران لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی داراییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی بەپێی پێویست، تا كاتی تەواوبوونی مامەڵەی ئەو خانەنشینانەی سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی داوای لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی خانەنشینی كرد لەگەڵ هەموو وەزارەت و فەرمانگەكان هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مامەڵەی خانەنشینان تەواو بكرێت و ماف و شایستەكانیان پێ بدرێت.