ڕاچڵەکین سپۆرت -
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا سزایەکی بەسەر یانەی ڕیال مەدرید ڕاگەیاند بەهۆی هەڵسوکەوتی هاندەرانی لە میانی یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم دواییەی بەرامبەر ئارسیناڵ لە یاریگای ئیمارات.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی مارکا، بەشێک لە هاندەرانی یانەی ڕیال مەدرید کە گەشتیان بۆ یارییەکە کردووە، سووکایەتیی ڕەگەزپەرستانەیان کردووە، ئەمەش وایکردووە نوێنەری یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ڕاپۆرتێکی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە پێشکەش بکات.
لە ئەنجامدا دەستەی کۆنترۆڵ و دیسپلینی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بە بڕی 15 هەزار یۆرۆ یانەی ڕیال مەدرید غەرامە بکات.
سزاکە بە غەرامەکردن نەوەستا و یوفا هەروەها ڕایگەیاندووە، هاندەرانی یانەی ڕیال مەدرید بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو چاودێری دەکرێن، ئەگەر ئەو جۆرە ڕەفتارانەش دووبارە ببنەوە، ئەوا لە دەرەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەشداری یەک یاری تیپەکەیان لێ قەدەغە دەکرێت، چونکە هیچ بلیتێکیان پێ نافرۆشرێت.
شایەنی باسە ئەمە یەکەمجار نییە یانەی ڕیال مەدرید لەم وەرزەدا بەهۆی کارەکانی هاندەرانیەوە سزا بدرێت. پێشتر یانەکە لە چامپیۆنزلیگ سزای بەسەردا سەپێنرابوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر یانەی مان سیتی لەلایەن هەندێک لە هاندەرانییەوە، وشەی ڕەگەزپەرستانەیان بەرامبەر پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری سیتی بەکارهێنا.