راچڵەكین -
لوقمان حەوێز، شارەزای گەردوونناسی، پێشبینی دەكات ڕێژەی باران لە وەرزی بارینی داهاتوو (2025-2026) لە ڕێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی كەمتر دەبێت و ڕێژە و بڕی بارانبارین لەمانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ تاوەكو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو لە خوار رێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی دەبێت.
ئەو شارەزا كوردەی بواری گەردوونناسی، لە نووسێنێكدا كە لە واڵی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو ئەگەری ڕوودانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوە ناوە لە ناوچەكانی سعودیە دەبێت وەك ساڵانی پێشوو، ئەو كاریگەرییە هەندێك جار دەگاتە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش، بۆیە بەدوور نازانرێت لەو ناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت.
دەقی نووسینەكە:
دۆخی باران بۆ وەرزی پایز و زستانی 2025-2026 بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟ داتاكان و پێشبینییەكان چیمان پێ دەڵێن..؟
تێبینییەكی گرنگ: ئەو زانیاری و لێكدانەوانەی دەیانخەمەڕوو پشت بەو زانیارییانە دەبەستن كە كۆكراونەتەوە و لەبەردەستمانە، پێشبینەكان و داتایەكان بۆ ئەگەری بەردەوامی دۆخی نیوتڕاڵ و سەرهەڵدانەوەی دۆخی لانینا ENSO لەلایەن دەزگای كەشناسی NOAA كراوە كە ئاژانسی سەرەكی ئاو هەوا و كەشناسی و چاودێریكردنی دۆخی زەریاكانە لە هەموو جیهان و لە ئەمەریكایە، لە ساڵانی پێشتر هەموو ئەو پێشبینیانەم بە پشتبەستن بووە بە داتایەكانی ئاژانسی NOAA، لایەنی كەم ئەو پێشبینیانە تا ڕادەی %70 بۆ %80 راست دەرچوون، بەڵام لەبەر ئەوەی بە گشتی پێشبینیەكانی ئاو و هەوا پشت بە كۆمەڵێك گۆڕاو دەبەستن بۆیە مەرجیش نیە سەدا سەد پێشبینیەكان وەك خۆیان دەربچن، بۆ ئەوەی بەباشی لە هەموو بابەتەكە تێبگەیت تكایە بەشەكانی كۆتاییش بخوێنەوە كە لێكدانەوەی زیاتری تێدایە بۆ داتایەكان، بەداخەوە لە سۆشیاڵ میدیای باشوری كوردستان دوو سێ برادەر نەبێت كە بە وردی و بەشێوەیەكی زانستیانە باسی دۆخەكان دەكەن لەوانە كاك ئاراس جەبار و كاك سیروان ساڵح، بەڵام خەڵكێكی زۆری تر دێن بەناوی كەشناسیەوە باسی كەش و هەوا دەكەن و لە خۆیانەوە كۆمەڵێك پێشبینی دەخەنە ڕوو بەبێ خستنەڕووی هیچ بنەمایەكی زانستی و بەبێ پشت بەستن بەداتای ورد، بۆیە تكایە وریا بن و بڕوا بە هەموو قسەیەك و هەموو پێشبینیەك مەكەن كە كەسانی نەشارەزا دەیانخەنەڕوو.
بەكورتی پێشبینیەكان بەپێی داتایەكان ئەمانەی خوارەوەمان پێدەڵێن، دواتر لە خوارەوە داتایەكان دەخەمەڕوو:
زۆر بە كورتی، ڕێژەی باران لە وەرزی بارینی داهاتووش 2025-2026 لە ڕێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی كەمتر دەبێت بەتایبەتی لەمانگی 10 و 11 و 12 و 1، بەگشتی دەتوانم بڵێم ڕێژە و بڕی باران بارین لەمانگی دە واتە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ 2025 تاوەكو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو 2026 لە خوار ڕێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی دەبێت، بەڵام ڕێژەكە هەندێك زیاتر دەبێت بە بەراورد بە بڕی باران لە ساڵی ڕابردو ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخەی لانینا كە لەو ماوەیەدا بەرجەستە دەبێت لانیایەكی لاوازترە بە بەراورد بەو لانیانەیەی كە لە ساڵی ڕابردو هەبوو، بەگشتی ڕێژەی بارین بۆ زۆربەی ناوچەكان لە هەرێمی كوردستان لە نێوان %40 بۆ %60 ی ڕێژەی بارانی ساڵێكی ئاسایی دەبێت، ئەو ڕێژەیەش بە پێی شوێنەكان هەندێك دەگۆڕێت.
وردەكاری و لێكدانەوەی زانستی زیاتر:
بە گشتی لە هەر وەرزێكی بارین كاتێك دۆخی ئێل نینۆ لە زەریای هێمن El.Nino بەرجەستە بووە ڕێژەی باران لە زۆربەی ناوچەكەكانی شام و باشور و ناوەراستی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئێران یان ئاسایی بووە یان لەسەروی ئاسایی بووە، زۆربەی كاتەكان لەسەروی ئاسایی بووە، كاتێكیش دۆخی نیوتراڵ بەرجەستە بووە بڕی باران یان ئاسایی بووە یاخود كەمێك لە خوار ئاسایی بووە، لە دۆخی لانینا La.Nina ڕێژەی باران بە بەرچاوی لە خوار ئاسایی بووە و بە گشتی وەرزێكی وشك یان نیمچە وشك بووە.
دۆخی ئێل نینۆ چیە و دۆخی لانینا چیە و دۆخی نیوتڕال ENSO لە زانستی كەشناسی چیە..؟
ئەو دۆخانە لە ناوەڕاستی زەریای هێمن نزیك كەمەری ناوەراست بەردەوام ڕوودەدەن، دیاردەی لانینا بریتیە لە ساردبوونەوەی ئاوی سەر ڕووی پانتاییە ئاویەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زەریای هێمن لە نزیك هێڵی كەمەری ناوەڕاست بە بڕی نێوان 1 بۆ 2 پلەی سەدی لەخوار تێكڕای پلەی گەرمیە ئاساییەكەی، دیاردەی ئێلنینۆ بریتیە لە گەرمتربوونی ئاوی زەریای هێمن بە هەمان ڕێژە لە سەروی پلەی گەرمیە ئاساییەكەی، دۆخی نیوتڕالیش ئەو دۆخەیە كە پلەی گەرمی سەر ڕووی ئاوی ئەو شوێنەی زەریای هێمن نزیكە لە تێكڕای پلەی گەرمیە ئاساییەكەی، ئەو گۆرانكاریانە بەشێوەیەكی بەردەوام ڕوودەدەن بەهۆی گۆڕانی خێرایی و ئاڕاستەی با لەسەر ئەو شوێنانەی زەریای هێمن، ئەو گۆڕانكاریانە كاریگەریان لەسەر ئاو هەوای زۆربەی ناوچەكانی جیهان هەیە بەتایبەتی هەردوو كیشوەری ئەمەریكا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوڕوپا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دۆخەكانی ئێل نینۆ و لانینا كاتێك سەرهەڵدەدەن دەكرێت لەنێوان چەند مانگێك بۆ یەك دوو ساڵ بەردەوام بن.
دۆخی ئێل نینۆ و لانینا و نیوتڕاڵ لە ماوەی ساڵی ڕابردو و ئێستا چۆن بووە..؟ بۆ وەرزی بارینی ئەم پایزە و زستان و بەهاری ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت..؟
ئێل نینۆ لە وەرزی دابارینی 2023-2024 بەرقەرار بوو بۆیە ئەو وەرزە پڕباران و تەڕ بوو، لە هاوینی 2023 پێشبینی ئەوەم كرد وەرزی دابارینی 2023-2024 باش و تەڕ بێت و وا دەرچوو، بەڵام لە مانگی شوباتی 2024 دۆخی ئێلنینۆ تەواو بوو.
لە مانگی ئاداری 2024 دۆخی لانینایەكی توند سەریهەڵدا و تاوەكو مانگی شوباتی 2025 بەردەوام بوو، بۆیە لە هاوینی 2024 پێشبینی ئەوەم كرد وەرزی بارینی 2024-2025 وشك و كەم باران بێت و وا دەرچوو.
لە مانگی ئاداری 2025 دۆخی نیوتڕال بەرجەستە بوو و تاوەكو ئێستا بەردەوامە، واتە لەوكاتەوە نە ئێل نینۆ و نە لانینا هەیە، بەڵام ئێستا بە پێی ئەو داتایانەی هەمانە ئێستا لە چاوەڕوانیداین دیسان لە پایزی 2025 دۆخی لانینا سەرهەڵداتەوە، بەڵام لانینایەكی لاوازتر دەبێت، پێشبینی دەكرێت پێش كۆتایی مانگی نۆ و یان لە مانگی دە 2025 دەست پێبكات و لایەنی كەم تا سەرەتا یان كۆتایی مانگی شوباتی 2026 بەردەوام بێت، ئەمەش بۆ دۆخی بارانی ئەم وەرزەی داهاتوو باش نابێت بۆ ناوچەكانی ئێمە، دوای ئەوكاتەش و بە وردی لە ئاداری 2026 دۆخی نیوتڕال دەستپێدەكاتەوە، ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی كۆتایی زستان و مانگەكانی 3 و 4 ڕێژەی باران هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ڕێژەی باران لە مانگەكانی بەهاردا باشتر بێت بە بەراورد بە مانگەكانی زستان.
لەبەر ئەوەی بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی تێكڕای پلەكانی گەرمای ئاوی دەریای سور لەبەرزبوونەوەیەیەكی بەردەوامدا بووە لە ساڵانی ڕابردو ئەمەش ڕێژەی شێی زۆرتر كردوە لەنێو لەو نزمە پاڵەپەستۆیانەی كەلە دەریای سورەوە دێن بۆیە ئەمساڵیش وەك ساڵانی پێشوو ئەگەری ڕوودانی لافاو و دابارینی بەخوڕ ناوە ناوە لە ناوچەكانی سعودیە دەبێت وەك ساڵانی پێشوو، ئەو كاریگەریە هەندێك جار دەگاتە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش بۆیە بەدوری نازانرێت لەوناوچانە ڕێژەی لافاو و بارانی بەخوڕ زۆرتر بێت، دورنیە ئەو كاریگەریەی نوێیەی دەریای سور لەسەر ناوچەكانی ئێمەش ئەمساڵیش چەند جارێك لەگەڵ هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەكان هەستی پێبكرێت و ڕووبدات بەڵام بەڕێژەیەكی زۆر كەمتر لە ناوچەكانی سعودیە و باشوری عێراق.
