راچڵەكین -
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی ناز نوری دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەو كەسە هیچ كاتێك دادوەر نەبووە لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو كەسی نەكردووە، بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوكایەتیكردنە بە دامەزراوەی دادوەری، ئاگاداری بكەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی كەسی تر چاوی لێنەكات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت.
لە روونكردنەوەكەدا ئەمڕۆ هەینی 3-10-2025 بڵاویكردووەتەوە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، هەموو ئەو كەسانەی ئاگاداركردووەتەوە كە بە كردەیی دادوەر نین و سەر بە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێكی تر نازناوی دادوەر بەكار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن.
دەقی روونكردنەوەكە:
ماوەیەكە كەسانێك كە هیچ سیفەتێكی دادوەرییان نییە و لە پەیكەری پێكهاتەی ئەنجومەنی دادوەری دادوەر نین، بەڵام بەناوی دادوەرەوە خۆیان دەناسێنن و لە سایت و كەناڵەكانەوە دەرئەكەون و قسەو ئاماژەی بێ سەروبەر بڵاودەكەنەوە بەناو خەڵكدا و بوونەتە هۆی دروستكردنی بێمتمانەیی و چاندنی تۆوی ڕق و كینە لە ناو كۆمەڵگەدا.
بۆیە بەناوی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی كە بەشێكە لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان هەموو ئەوانە ئاگادار دەكەینەوە كە بە كردەیی دادوەر نین و سەر بە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان یان دەسەڵاتی دادوەری عیراق نین، جارێكیتر نازناوی دادوەر بەكار نەهێنن و خۆیانی پێ نەناسێنن.
هەر لەو میانەیەدا ماوەیەكە دەبینین كەسێك بەناوی (ناز نوری عارف) بۆ خۆدەرخستن خۆی بە (حاكم ناز) لە كەناڵ و سایتەكان ناوزەد دەكات و بەپێی حەزی خۆی و چۆنی پێخۆشە سیناریۆ دادەڕێژێت و كەیس دروست دەكات و سوكایەتی بەدامەزراوەی دادوەری و دامەزراوەكانی تر دەكات و هەستی ناسكی خەڵك دەورووژێنێت، گوایە دادوەر بووە و وازی هێناوە.
لە ڕاستیدا ئەو كەسە هیچ كاتێك دادوەر نەبووە و لەسەر سەكۆی دادوەری دانەنیشتووە و لەتەمەنیدا دادوەریی نێوان دوو كەسی نەكردووە، بەڵكو ئەم كەسە كاتی خۆی ماوەیەكی كورت بەرپرسی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی بووە و ساڵی ٢٠١٤ بەر لە هاتنی تەمەنی خانەنشینی بە ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشكی بە هۆكاری خراپی باری تەندرووستی و بەپلەی پەككەوتەیی (العجز البدنی) خۆی هەواڵەی خانەنشینی كردووە و بە ٨٠٪ی ئیمتیازات و كۆتا موچەی كە لەوكاتەوە تائێستا مانگانە وەریدەگرێت و بەتێكڕایی سەدان ملیۆن دینار دەكات، ماوەی چەندین ساڵە لەماڵەوەیە و یاری بە هەست و سۆزی خەڵك دەكات، كە جێگای پرسیار و تێڕامانە كەسێك بەقسەی لیژنەی پزیشكی پەككەوتەیی هەبێت چۆن ئەتوانێ ئامۆژگاری خەڵك بكات و پەی بەچاكە و خراپە بەرێت، لەكاتێكدا لەو ماوەیەی بەرپرسیارێتی هەبووە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ چارەسەری گرفتەكان.
بۆیە بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین قسەو رەفتارەكانی ئەو كەسە لەسەر دادوەر حساب نەكەن، چونكە دادوەر نەبووە و هیچ كاتێك ئەو ئەركەی نەبووە. وە بە مافی یاسایی خۆمانی دەزانین لەسەر ئەم رەفتار و خۆ بە دادوەر ناساندن و سیناریۆ داڕشتن و سوكایەتیكردنە بە دامەزراوەی دادوەری ئاگاداری بكەینەوە كە بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە و هاوشێوەكانی دەكەین بۆ ئەوەی كەسی تر چاوی لێنەكات و تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت.