سبەینێ لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق چی ڕوودەدات؟

عێراق

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 107

راچڵەكین-

هەموو چاوەكان لەسەر یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە كە بڕیارە سبەینێ دووشەممە 29ی كانوونی یەكەمی 2025 بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی كە وێستگەیەكی چارەنووسسازی دەستوورییە كە ناتوانرێت دوابخرێت، لەبەر ڕۆشنایی پێداگری دادوەری و سیاسی لە پێویستی یەكلاییكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی لەو دانیشتنەدا، وەك پابەندییەك بەبڕگەكانی دەستوور.

پێشتر دادوەر فایەق  زێدان؛ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەختی لەوەكردبوەوە كە دەبێت لەدانیشتنی یەكەمی خولی شەشەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەهەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی كۆتایی پێبێت، هۆشداریشیدا لەوەی هەر دواخستنێك یان درێژكردنەوەیەك پێشێلكارییەكی ئاشكرای دەستوورە و پشت بەهیچ بڕەگەیەكی یاسایی نابەستێت.

بەپێی ئەو كارنامەیە بێت كە بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردووەتەوە، دانیشتنەكە سوێندخواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی یاسادانانی ئەنجوومەنەكە لەخۆدەگرێت، پاشان دەستدەكرێت بەدەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەكەی.

پێشبینیش دەكرێت ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی هێزە سوننەكان بە دوو كاندید بەشداربێت بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە حاڵێكدا ئەگەر نەتوانن پێش دانیشتنەكە لەسەر ناوێك رێكبكەون، وەك ئەوەی سەڵاح دلیمێ؛ ئەندامی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاندووە.

دلێمی بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دیارترین دۆسێ ناكۆكەكانی ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانییە، كە بەووتەی ئەو ئەندامەی عەزم، پێدەچێت هەریەك لەمحەممەد حەلبوسی و موسەننا سامەڕائی، وەك دوو كاندیدی سوننەكان، لەو دانیشتنەدا كێبڕكێی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بكەن و بەدەنگی ئامادەبوونی دانیشتنەكە پۆستەكەیان بۆ یەكلا بكرێتەوە.

دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەكاتێكدیا دێت، جگە لە سوننەكان، هێشتا كوتلە شیعەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو یەكلانەكردووەتەوە، هەروەك لەنێو ماڵی كوردیشدا بەتایبەت لەنێوان یەكێتی و پارتی هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ دیاریكردنی كەسێك وەك كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن