راچڵەكین -
لەئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، كارەساتێكی مرۆیی دووچاری ئاوارەكانی كەرتی غەززە بووەوە و لانی كەم 20 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 127 هەزار خێوەتی ئاوارەكانیش ژێرئاو كەوتن و دانیشتووانەكانی بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28-12-2025، شارەوانیی غەززە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەخوڕەی كە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كەرتی غەززەی گرتووەتەوە، زیاتر لە 127 خێوەتی ئاوارەكان ژێرئاو كەوتووە و لانی كەم 20 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەزاران خێزانی ئاوارەی غەززە بەهۆی لەناوچوونی خێوەتەكانیان، لەئێستادا بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوەو بە وەرزی سەرمایە لە دۆخێكی ناهەمواری مرۆییدا دەژین و هیچ هاوكارییەكیش نەكراون.
شەپۆلی بارانبارینەكە هەروەها بووە هۆی داڕوخانی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون، تائێستاش چارەنووسی چەندین كەس بەنادیاری ماوەتەوە.
شارەوانیی غەززە داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كرد گوشارەكانیان بۆسەر ئیسرائیل چڕبكەنەوە بۆ ناچاركردنی بە كردنەوەی دەروازە سنورییەكان بەمەبەستی گەیاندنی كۆمەك و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان.