راچڵەكین-
وتەبێژی حكومەتی ئێران دەڵێت، مەسعود پزیشكیان-ی سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە كە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران گفتوگۆ ئەنجامبدات.
فاتیمە موهاجەرانی، رایگەیاند: ناڕەزایەتییەكان و قەیرانەكەن دەبینن و دەبیستن و بە فەرمیشی دەناسن. سەرۆككۆمار پزیشكیان فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ كردووە كە ڕێكاری گفتوگۆ لەگەڵ ناڕازاییەكان بگیرێتە بەر."
" قەیرانەكان وەك دەرفەتێك بۆ ڕێكخستنەوەی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دەبینین، دەزانین كە كاردانەوەیەك هەیە لەبەرامبەر داهات و پرسەكانی ژیان. دان بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەك دادەنێین كە بە شێوەیەكی ئارام و لە چوارچێوەی دەستووردا بەڕێوەبچێت. پێمان وایە گەلەكەمان سەبریان هەیە و كاتێك دەنگیان بەرز دەبێتەوە واتە پرسێكی گرنگ هەیە". میدیاكانی ئێران لەزاری وتەبێژی حكومەتی ئێران وایان بڵاوكردووەتەوە.
موهاجەرانی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخەكان لە ئێران وتی: "ڕوانگەی سەرەكی حكومەت بەدواداچوونە بۆ ڕیشەی سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخەكان. ئێمە بە درێژایی ئەو ساڵانەدا بینیومانە كە مووچەكان زیادی كردووە بەڵام توانای كڕین كەم بووەتەوە. پێویستە چاومان لە پاراستنی ژیانی خەڵك بێت. بە پێدانی ئەو یارمەتییانە دابینكردنی پێداویستی سەرەكی گەرەنتی دەكەین. بۆ ساڵی داهاتووش مووچەكان لە لایەن كرێكاران، نوێنەران، دەوڵەت و خاوەنكارەكان پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت".