راچڵەكین -
سەرۆكی پارتی لەسەر كشانەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دێتەدەنگ و رایدەگەیەنێت: بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و پارتی وای دەخواست كە دكتۆر شاخەوان خۆی بكشێنێتەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی ديموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 30-12-2025 بڵاویكردەوە، پێزانینی خۆی بۆ د. شاخەوان عەبدوڵڵا دەربڕیوە كە لە ماوەی ڕابردوو لە كاری پەرلەمانی و حزبیی خۆیدا "رۆڵێكی كارا و ماندووبوونێكی زۆر"ی بینیوە.
سەرۆكی پارتی دەستخۆشیی لە شاخەوان عەبدوڵڵا كردووە كە ئەرك و كارەكانی بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە ئەنجامداوە، هەمیشە بە باشی پابەندی ڕێكارەكان و دیسپلینی حزبی بووە و جێگەی متمانە بووە.
لەبارەی كشانەوەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و پارتی وای دەخواست كە دكتۆر شاخەوان لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بكشێنێتەوە. راشیگەیاندووە، "لەگەڵ ئەوەش لەوە دڵنیام د. شاخەوان ڕۆڵەیەكی ئازا و شایستەی ئەو میللەتەیە، لە هەر شوێنێك و هەر پلەیەكدا بێت، كوڕی پارتییە و ئەرك و كاری خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەكات و جێی متمانەی ئێمەیە.
پەیامەكەی سەرۆكی پارتی دوای هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دێت، كە سەرەتا شاخەوان عەبدوڵڵا وەك كاندیدی پارتی خۆی پاڵاوت، بەڵام دوای ئەوەی لە گەڕی یەكەم و دووەمی پرۆسەی دەنگداندا نەیتوانی لە ركابەرەكەی (رێبوار كەریم) بباتەوە، ئەمڕۆ پارتی بۆ گەڕی سێیەمی دەنگدانەكە، فەرهاد ئەتروشی كاندید كرد و توانی پۆستەكە بباتەوە.