راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی داوا لە دایكان و باوكان دەكات، سویچی ئۆتۆمبێلەكانیان نەدەنە دەست ئەو كوڕو كچانەیان كە مۆڵەتی شۆفێریان نییە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی، چەند رێنماییەكی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دەركردووەو داوایان لێدەكات لەرۆژانی جەژندا پێیانەوە پابەند بن:
١- دایكان و باوكانی بەرێز، سویچی ئۆتۆمبێلەكانتان مەدەنە دەست ئەو كوڕ و كچانەی مۆڵەتی شۆفێریان نیە، چونكە ئەمە سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە و ڕێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر (لێخوڕێنی ئۆتۆمبێل بێ مۆڵەتی شۆفێری بەشی ٢١لە یاسای هاتووچۆ).
٢- بەهۆی زیادبوونی منداڵان لە شەقام و كۆڵانەكان لە ڕۆژانی جەژندا، تكایە بە وریایی زیاتر شۆفێری بكەن و خۆتان لە خێرایی و سەركێشی بپارێزن.
٣- پێویستە شۆفێر و سەرنشینان پشتوێنی دڵنیایی (قایشی سەلامەتی) بەكار بهێنن.
٤- تكایە مۆبایل بە هیچ شێوەیەك لە كاتی شۆفێریدا بەكار مەهێنن.
٥- شۆفێرانی ماتۆڕسكیل پابەندی خێرایی دیاری كراوو چرای ترافیك و بەكار هێنانی كڵاوی سەرپارێزی بن.
٦- شۆفێرانی ماتۆڕسكیل خۆیان لە سەركێشی و دروستكردنی مەترسی و بێزاركردنی هاوڵاتیان بپارێزن.
٧- سەرخستنی منداڵان لە بەشی پشتەوەی بار هەڵگرەكان و ماتۆڕسكیلەكان قەدەغەیە و لە كاتی سەرپێچی دەست بەسەر ئەو سوارڕەوانە دەگیرێت.
٨- پارككردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی نادروست قەدەغەیە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
٩- لە یەكەم ڕۆژی جەژن، مەفرەزەكانی هاتووچۆ لەبەردەم سەرجەم گۆڕستانەكانی سلێمانی دابەش دەبن بۆ ڕێكخستنی هاتووچۆ.
١٠- مەفرەزەكان لە شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكانیش دابەش دەبن و هیوادارین شۆفێران هاوكاریان بن.
١١- كامێراكانی چاودێری خێرایی بەردەوام لە كاركردندا دەبن، وەك ڕۆژانی ئاسایی لە ڕیگەوبانەكانی ناوشارو دەرەوەی شارەكان.
١٢- پابەندی بە خێرایی دیاری كراوبن، بە تایبەتی لە ناو شوێنە گشتی و كۆڵانەكاندا .
١٣-شۆفێری بەڕێز ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ و ٢٣ هاتنە ناوەوەی سوارڕەوی بار هەڵگر بۆ ناو سەنتەری قەزای دوكان قەدەغەیە.
١٤ – -شۆفیری بەڕێز خۆت بە دوور بگرە لە شۆفێریكردن لە ژێر كاریگەری مەیدا .
هاتوچۆی سلێمانی داوا لەشۆفێران دەكات لە حاڵەتی پێویستدا لە رێگەی هێڵی گەرمی ژمارە( ١٨٨) پەیوەندیان پێوە بكەن.