راچڵەكین -
بەرپرسێكی باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگی سەپێندراوی سەر وڵاتەكەی، میكانیزمێكی نوێ بۆ هاتووچۆكردنی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز دادەنێن، ژمارەیەك وڵاتی جیهانییش ئامادەیی خۆیان نیشان دەدەن بۆ گرتنبەری هەنگاوی پێویست لەپێناو گرەنتیكردنی هاتوچۆی كەشتییەكان لەو گەرووە و سەقامگیركردنی بازاڕی ووزە.
محەمەد موخبیر، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: تاران دەتوانێت بەسوود وەرگرتن لە پێگە ستراتیجییەكەی، سزای تایبەت بەخۆی دابنێت و رێگری لە تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووی هورمزدا بكات.
وتیشی:" كۆماری ئیسلامی لەئێستاوە كار دەكات بۆ دانای سیستمێكی نوێ بۆ هاتووچۆكردنی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگ، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆەیاسایەك گەڵاڵە دەكەین بۆ سەپاندنی باج بەسەر هەموو ئەو كەشتییانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن".
لەلایەكی ترەوە، هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و هۆڵەندا، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ گرتنبەری هەنگاوی پێویست لەپێناو گرەنتیكردنی سەلامەتیی هاتوچۆكردنی كەشتییەكان لەڕێی گەرووی هورمز و سەقامگیركردنی بازاڕی ووزە.
ئەو شەش وڵاتەی جیهان داواشیان كرد دەستبەجێ هێرشەكان بۆسەر دامەزراوەكانی نەوت و غاز رابگیرێت و رێگە نەدرێت نرخی نەوت و غاز لە بازاڕەكانی جیهان زیاتر بەرزببێتەوە.