راچڵەکین-
دوای دروستبوونی چەندین دەنگۆ لەبارەی چارەنووسییەوە، میدیاکانی ئێران پەیامێکیان بە ناوی ئیسماعیل قائانییەوە بڵاوکردەوە.
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: بیری شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبازی خومەینی گەورە و خامنەیی شەهید، بە ئاڵاهەڵگریی کەسایەتیی تێکۆشەر ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، بە پتەوی و دەسەڵاتەوە بەردەوام دەبێت، ماچی دەستی تێکۆشەرانی ئومەتی ئیسلامی دەکەم و سوپاسی یەکە یەکەیان دەکەم بۆ ئەو ئیرادە و توانا گەورەیەی نیشانیان داوە.
قائانی ئاماژەی بەوەشکر: کردەوە دڵسۆزانەکانی بەرەی بەرگری لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتە جێگەی سەرسامی هەموان و ترسی خستووەتە دڵی دوژمنانەوە، ئەمڕۆ بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە بەرەی بەرگری خاوەنی توانایەکی زۆر بەنرخە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە بڕیار و پلانی حەکیمانەی خۆیان، چوونەتە ناو جەنگ لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
فەرماندەی هێزی قودس جەختی لەوەشکردەوە: یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان کە بە هەوڵی تێکۆشەران دروست بووە، خاڵی بەهێزی گەلی ئیسلامی و مۆتەکەی ترسە بۆ لوتبەرزی جیهانی و زایۆنیزمی نێودەوڵەتی، بەم نزیکانە گەلانی ئیسلامی لە ڕێگەی دەستی بەتوانای تێکۆشەرانەوە، لە فیتنەی زایۆنی و ئەمریکی ڕزگاری دەبێت و ئۆپەراسیۆنی زۆر کاریگەر ئەنجام دراون و لە داهاتووشدا سوپرایزی تریان دەبێت.