راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی " دەنگۆی" شێواندنی ئارامگەی پیرەمێری شاعیر لە یەكەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا، رایدەگەیەنێت " ئەو هەواڵە دوورە لەڕاستییەوە."
پۆلیسی سلێمانی لەڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ شەممە 21ی ئادار بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، دوای بەدواداچوونەكانیان دەركەوتووە، تەنها تابلۆیەكی سەرگۆرەكەی پیرەمێردی شاعیر كەلە فایبەری تەختە دروست كراوە شكاوە:" شكاویەكە بەجۆرێكە ئەوەندە كۆنە خۆڵ و تۆزی لەسەر كۆبووەتەوە پێ ناچێت تاوانكاری بێت و لەوانەیە بەهۆی رەشەباوە یان بەهۆی گۆرانكاری كەشوهەواوە زیانی بەركەوتبێت و بەهیچ جۆرێك گۆڕەكە زیانی بەرنەكەوتووە."
پۆلیسی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان كە هێزەكانیان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنیەكانی تر بەردەوام چاوكراوەو ئامادەن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ئاسایش و ئارامی و پیرۆزیەكانیان.