راچڵەكین - سپۆرت
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێ خەڵات دەكات بەبۆنەی سەركەوتنیان بۆ یارییەكانی كۆتایی جامی جیهانیی 2026 و جگە لە پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، هەریەك لە یاریزانان و دەستەی كارگێڕیی هەڵبژاردەكە، خانوویەكی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت.
ئەمڕۆ شەممە 4-4-2026، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق و وەزیرانی حكومەت، پێشوازییان لە یاریزانان و دەستەی كارگێڕیی هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێ كرد و بەبۆنەی سەركەوتنیان بۆ یارییەكانی كۆتایی جامی جیهانیی 2026، بڕیاردرا بەم شێوەیە رێزلێنانیان بۆ بكرێت كە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر دەدرێت:
1- پێدانی یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە لە كۆمەڵگەی رفیل لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە یاریزانان و دەستەی راهێنان و كارگێڕیی هەڵبژاردەی عیراق.
2- بەخشینی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە یاریزانان و دەستەی راهێنان و كارگێڕیی هەڵبژاردەی تۆپی پێ.
3- دەرچواندنی پوولی پۆستە بۆ تۆماركردنی ئەو دەستكەوتە لە یادەوەریی نیشتمانیدا.
4- دروستكردنی دیواربەندێكی نیشتمانی، بۆ یادكردنەوەی سەركەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە كۆڕنیشی ئەبونواس، كە نووسینی ناوی یاریزانان و مێژووی ئەو دەستكەوتە لەخۆی بگرێت.
5- ناونانی شەقامێكی سەرەكیی لە بەغدای پایتەخت و سەرجەم پارێزگاكانی دیكە بەناوی (شەقامی شێرەكانی رافیدەین).
6- دروستكردنی مۆزەخانەیەك یان بەشێكی تایبەت بە دەستكەوت لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی عیراقی و شاری وەرزشی و بەشێكی لە مۆزەخانەی كۆشكی حكومی، كە ناوی یاریزانان و درێسەكانیان و وێنەی سەركەوتنیان تۆماربكات.
7- ناونانی خولەكانی دەرچوونی ئەمساڵی سەرجەم زانكۆ و كۆلێژە حكومی و ئەهلییەكان بە ناوی (خولی شێرەكانی رافیدەین).
8- بەرهەمهێنانی گۆرانییەكی تایبەتی نیشتمانی بە بەشداریی كۆمەڵێك لە هونەرمەندان كە ناونیشانەكەی رەنگدانەوەی ئەو دەستكەوتە بێت.