كۆبوونەوەی نووسینگەكەی حەكیم.. گرێ كوێرەی سەرۆكوەزیران دەكاتەوە؟

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 75

راچڵەكین-

چاوەكان ئەمڕۆ لەسەر نوسینگەی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەن، كە بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەكی تێدا ئەنجامبدات بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق. 

عەلی عەبدولئەمیر جوحی، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بەرۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، دواخستنی كۆتا كۆبوونەوە گوزارشت بوو لە كۆتایی هاتنی بژاردەی كاندیدی سازان و هەنگاونانە بەرەو یەكلابوونەوە لەسەر كاندیدی گەورەترین فراسكیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە ئاماژەیەكدا بۆ نوێكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی.

لە بەرامبەردا لایەنە سیاسییەكان لەناو چوارچێوەی هەمەهانگی جەختدەكەن لە بەردەوامی جیاوازی و بۆچوونەكان دەكەنەوە سەبارەت بە شێوەی حكومەتی داهاتوو، هەندێكی دیكەش داوای دەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی كۆدەنگی دەكەن كە توانای بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتووی هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییە سیاسییە ناوخۆییەكان و زیادبوونی فشارەكان.

زەهرا سەدر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نووسیگەی عەممار حەكیم بە گرنگ و یەكلاكەرەوە وەسف دەكات و دەڵێت، هەنگاوێكی بەرچاوە لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو:"  دواخستنی كۆبوونەوەكەی رابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بووە،  بە ئامانجی روونكردنەوەی هەڵوێستی كۆتایی خۆی ، بۆ بەردەوامبوونی لە كاندیدبوون یان دەستبەرداربوون و  هەنگاونان بەرەو كاندیدی سازانی پێشنیازكراو."

سەدر دەڵێت،  باسكردن لەناوی تر وەك كاندیدی سازان، دواتر رەتكردنەوەی كشانەوەی كاندیدبوونی نوری مالیكی لەلایەن حزبی دەعوە، دۆخەكەی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سەرەتا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن