ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی ئاشكرا دەكرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 101

راچڵەكین -

مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەردەبڕێت و راشیدەگەیەنێت: ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە كە كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و یەكجارەكی چارەسەر بكرێن و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمڕۆ شەممە، عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە. 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵ و گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ تاوتوێ كرا و سەرۆكی حكومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە كە ئێمە پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەبین لە پێناو چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی جەختیشی كردەوە كە ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە كە كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و یەكجارەكی چارەسەر بكرێن و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی ، هاوسەنگی و سازان بێت.

لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆكی حكومەتی كرد و جەختی كردەوە كە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان، بەهێزبوونی حكومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەین كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن