راچڵەكین -
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، رایگەیاند: ئامانجی ئێمە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێزە كە ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابین بكات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەكان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عیراق و بە تایبەتی گەلی كورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.
ئەمڕۆ شەممە 2-5-2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوی عیراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، قوباد تاڵەبانی و خالید شوانی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و عەباس رازی، ئەمینداری چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەیبوون، دووپات لە پێویستیی خێراكردنی هەوڵی لایەنە سیاسییەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزی نیشتمانی و خزمەتگوزار لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخێرهاتنی عەلی زەیدی كرد بۆ سلێمانی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی گەنجێك ئەو پۆستە باڵایە لە عیراق وەردەگرێت و پشتیوانیی یەكێتی بۆ دووپاتكردەوە.
چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر كرایەوە و سەرۆك بافڵ وتی، ئامانجی ئێمە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێزە كە ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابینبكات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەكان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عیراق و بە تایبەتی گەلی كورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیكردنی سلێمانی دەربڕی و سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد بۆ پشتگیرییەكانی یەكێتی و جەختی لە هەماهەنگی بەردەوامی لە نێوان هەردوولا بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێی عیراق كردەوە.