راچڵەكین -
وەزارەتی ناخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە لەبارەی دراوە ئەلیكترۆنییەكان دەدات و رایدەگەیەنێت: بەپێی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان، هەموو جۆرە مامەڵەیەك لەم بوارانەدا قەدەغەیەو هەر كەس و گروپێكیش لەژێر ناوی كۆمپانیادا لەم بوارەدا كار بكات، شوێنەكەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 3-5-2025 بڵاویكردووەتەوە، هاووڵاتییانی ئاگاداركردووەتەوە كە "لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، وە بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی كە ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ كۆمپانیایەك لە بواری دراوە ئەلیكترۆنییەكان وەك (USDT) و بازرگانیی فۆڕێكس لە هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە، بەپێی یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكان، هەموو جۆرە مامەڵەیەك لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر كەس و گروپێك لەژێر ناوی كۆمپانیادا لەم بوارەدا كار بكات، شوێنەكەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە".
وەزارەتی ناوخۆ داواش لە هاووڵاتییان دەكات بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بكەونەوە، "هەر كەسێك مافێكی لای ئەو لایەنانە هەیە كە پێشتر ئەم كارانەیان كردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات".