راچڵەكین-
چەند سەرچاوەیەكی ئەمریكی باسیان لەجێبەجێكردنی میكانیزمی ئەو ئۆپراسیۆنە كردووە كە دۆنالد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە بۆ ئازادكردنی ئەو كەشتییانەی لەگەرووی هورمز گیریانخواردووە.
پێشتر ترەمپ لە تروس سۆشیال بڵاویكردبوەوە، ئەمریكا بەیانی رۆژی دووشەممە بەكاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەستدەكات بەهاوكاریكردنی ئەو كەشتیانەی بەهۆی جەنگەوە لە گەرووی هورمز گیریانخواردووە.
دواتر سوپای ئەمریكا بڵاویكردەوە، لەڕێی هەزاران سەربازو بەبەشداری زیاتر لە 100 فڕۆكە پشتیوانی لە ئۆپراسیۆنەكە دەكات.
بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاكسیۆس بێت، كەشتییە سەربازییە ئەمریكییەكان یاوەی كەشتییە بازرگانییەكان ناكەن تا لەگەرووەكە تێپەڕن بەڵام لەناوچەكە بڵاوەیان پێدەكرێت وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری هەر هێرشێكی سوپای ئێران بۆسەر ئەو كەشتییانە كە گەرووەكە تێدەپەڕێنن.
هاوكات بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەكردووە، هێزی دەریاوانی ئەمریكا زانیاری بەكەشتییە بازرگانییەكان دەدەن تا سەلامەتترین ڕێڕەو لەگەرووی هورمز بگرنە بەر، بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە مینڕێژ نەكراون.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ وتوویەتی ئامانج لەو هەنگاوە مرۆییەو بۆ بەهاناوەچوونی ئەو كەسانەیە كەچەندین هەفتەیە لەسەر ئەو كەشتییانە گیریان خواردووە، بەڵام لەلایەكی ترەوە ئاڵنگارییەكی نوێی ئەمریكایە دژ بەئێران لەگەرووی هورمزدا.
بەگوێرەی سەرچاوەكانیش بۆ ئاكسیۆس، هەر كاردانەوەیەكی ئێران بۆ ئەو ئۆپراسیۆنەی ئەمریكا، ئەگەری هەیە هەنگاو بۆ هەڵایسانی دووبارەی جەنگ بنێت.
هاوكات رێكخراوی نێودەوڵەتی كەشتییوانی دەریایی بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی جەنگی ئەمریكاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، سەدان كەشتی و نزیكەی 20 هەزار كەشتیوان لەگەرووەكە گیریان خواردووە.