راچڵەكین-
ئەنجومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەك ڕێگری دەكەن لە هەر بەرزبوونەوەیەكی نایاسایی لە نرخی هێلكەدا.
رۆژی دووشەممە 4ی ئایاری 2026 ئەنجومەنی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی لەڕوونكردنەوەیەكدا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لەگرانبوونی نرخی هێلكە دەكەن لەبازاڕەكاندا و رایدەگەیەنێت:" هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە وەك ئەنجومەن، بە هەموو شێوەیەك ڕێگری دەكەین لە هەر بەرزبوونەوەیەكی نایاسایی لە نرخی هێلكەدا و ڕێگە نادەین بارگرانی بۆ سەر شانی هاوڵاتیان دروست ببێت."
"ئێمە وەك خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان، هەمیشە خۆمان بە بەشێك لە خەم و ژیانی خەڵك زانیوە و لەم سۆنگەیەشەوە دوپاتی دەكەینەوە كە لە پشتی هاوڵاتیانی خۆشەویستی خۆمانین و بەرژەوەندی گشتی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوە دادەنێین." وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە.
كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنن، سەرجەمیان بەردەوامن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە بڕ و كوالێتییەكی بەرز، و هەموو تواناكانیان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕەكان تێر بكەن لە بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگری لە هەر كورتهێنانێك بگرن.