راچڵەكین -
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و شاندی یاوەری لەیانی سەردانەكەی بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبووەوە و سیستمی ئەسیكۆدا و كۆمپانیا نەوتییەكان، دوو تەوەری گرنگی كۆبوونەوەكە بوون.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی وڵات كرا، هەروەها بابەتی تەكنیكی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەكان و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمدا كاردەكەن، جەخت لەوە كرایەوە كە دەرفەتێك هەیە بۆ هەماهەنگی و هاریكاریی باڵا لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم، بۆ بەڕێوەبردنی پرسە تەكنیكییەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم چارەسەركردن بە گوێرەی یاسا و دەستوور.
عەلی زەیدی پەرۆشیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان و رایگەیاند: ئامانجمان گەیشتنە بە رێككەوتنێك كە بەرژەوەندییەكانی وڵات خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەدیبهێنێت.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی كرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهێنانی كابینی نوێی حكومەتی عیراق، پاڵپشتیی حكومەتی هەرێمی بۆ حكومەتی عیراق دووپاتكردەوەو جەختیشی لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی سەرجەم پرسە هونەرییەكان بەپێی دەستوور كردەوە.