نەینەوا؛ پێنج كەس بەتۆمەتی ژەهراوی كردنی 60 هاوڵاتی دەستگیركران

عێراق

20/05/2020     ژمارەی بینراو 277

راچڵەكین-

سەرچاوە ئەمنی و پزیشكییەكان لە نەینەوا ئاشكرایانكرد، پێنج كەس بەتۆمەتی ژەهراویكردنی 60 رۆژووان، بەهۆی پێدانی ژەمەخۆراكێكی نەشیاو بۆ خواردن لەكاتی بەرناگ كردنەوەدا، دەستگیركراون.

سەرچاوەیەكی پزیشكیی كە لە فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا كار دەكات لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە ناوچەی مووسڵی كۆن، ژەمە خواردنێك بەسەر كەسانی هەژار و كەمدەرامەت دابەشكرا، بەڵام بەهۆی خواردنی ئەو ژەمەوە، 60 كەس ژەهراوی بوون كە لەلایەن تیمەكانی تەندروستییەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

عەمید لەیس خەلیل حەمدانی، فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، هێزەكانی پۆلیسی نەینەوا، پێنج كەسیان لەسەر ئامادەكردنی ئەو خواردنە دەستگیركردووە لەنێویاندا خاوەنی رێستوڕانتەكە.

فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا روونی كردەوە، بەهۆی خواردنی ئەو ژەمەوە، 60 كەس لە ناوچە كەوازین سنووری ناوچەی موسڵی كۆن ژەهراوی بوون، هەروەها رێكاری یاسایی گیراوەتەبەر بۆ لێكۆڵینەوە بە ئامانجی گەیشتن بە هۆكاری راستەقینەی رووداوەكە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن