راچڵەكین -
دەزگای دژەتیرۆری عیراق بڵاویكردەوە، هێزەكانیان بە هاوكاریی دژەتیرۆری كوردستان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، دوو تیرۆریستی داعشیان لەسنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و كەركوك دەستگیركرد و چەند حەشارگەیەكی ئەو گروپەشیان لەناوبرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، كە ئەمڕۆ هەینی 31-7-2026 بڵاوكراوەتەوە، هێزەكانیان بە هەماهەنگیی و هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر لە سلێمانی، ئەندامێكی گروپی تیرۆریستی داعشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیركرد، كە پێشتر چەندین پلەو پۆستی لەناو گروپە تیرۆریستییەكاندا هەبووە و لە ژمارەیەك كردەوەی تیرۆریستییش دژ بە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكانی عیراقدا بەشداربووە.
دژەتیرۆری عیراق ئاشكراشیكردووە، لە ئۆپراسیۆنێكی دیكەدا بە هاوكاریی هێزەكانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، تیرۆریستێكی دیكەی داعشیان لەسنووری پارێزگای كەركوك دەستگیركرد.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەمیانی ئۆپراسیۆنەكەی پارێزگای كەركوك، هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق پێنج حەشارگەی داعشی دۆزییەوە و سەرجەمیانی خاپوور كرد.