وەزارەتی دارایی ئامادەكاريی بۆ بودجەی 2027 ی عیراق دەكات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 167

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پلاندانان و كارەبا و چەند بەرپرسێكی حكومی، كۆبوونەوەیەكی ئامادەكاریی بۆ بودجەی 2027 ی عیراق ئەنجامدا و بڕیاریشدرا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان ئەنجام بدرێت تاكو بتوانرێت خواستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لەبودجەی عیراق جێبكرێتەوە.
 
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران و بەمەبەستی ئامادەكاری بۆ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2027 ی حكومەتی فیدراڵی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 2-8-2026، بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی دكتۆر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و دكتۆر ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەك لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كۆبوونەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی گفتوگۆ كرا لە بارەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و دواین داتاكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان، بڕیاردرا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان ئەنجام بدرێت تاكو بتوانرێت خواستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو لەبودجەی عیراق جێ بكرێتەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە بەمەبەستی خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە و خەرجی بەكارخستن و وەبەرهێنان لەگەڵ داواكردنی دامەزراندنی میلاكی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی عیراقی فیدراڵ و گەڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی نەبوونی بوودجە و قەیرانی داراییەوە بۆیان خەرج نەكراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن