راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی 12 ساڵەی داگیركردنی شنگال و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان لەلایەن گروپی تیرۆریستیی داعشەوە، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئەو تاوانەی بە پەڵەیەكی شەرمەزاری بە نێوەچەوانی بكەرانی داعش و ئەوانەشی بە كەمتەرخەمی و بێباكی بوونە هۆكاری ئەم تاوانە، وەسفكرد.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، شنگال و دەوروبەری پێویستی زیاتریان بە ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووی زیانلێكەوتوانە كە لە رێگەی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی عێراقەوە بۆیان جێبەجێ بكرێت.
دەقی راگەیەنراوەكە:
یادی پڕ لە خەمی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە شنگال ئازارێكی بەسوێیە هەرگیز لەیادمان ناچێت و لە مێژووی گەلەكەشماندا پەڵەیەكی شەرمەزارییە بە نێوچەوانی بكەرانی داعش و ئەوانەشی بە كەمتەرخەمی و بێباكی بوونە هۆكاری ئەم تاوانە.
لەم یادەدا هەمیشە پشتیوانی و پشتگیریی خۆمان بۆ پاراستنی سەروماڵی خوشك و برایانی ئێزدی دووپاتدەكەینەوە لەپێناو ژیانێكی ئاسودە و سەربەرزانە، كە لەسەر زێدی رەسەنی باو و باپیرانیان بیبەنەسەر.
بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە ئازاربەخشەكانی تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەكان، شنگال و دەوروبەری پێویستی زیاتریان بە ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووی زیانلێكەوتوانە كە لە رێگەی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی عێراقەوە بۆیان جێبەجێ بكرێت.
درود وسڵاو بۆ رۆحی پاكی شەهیدانی ئەم تاوانە
سڵاو بۆ كەسوكاری شەهیدان و قوربانیان و زیانبەركەوتوانی دەستی غەدری جینۆسایدی شنگال
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان