راچڵەكین-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق جەخت لەوە دەكات، دۆخی ئێستای دارایی، سیاسی و ئەمنی عیراق زۆر لەسەردەمی شەڕی تایفی لەنێوان 2005-2007 یاخود شەڕی داعش لە 2014 خراپترە.
مەحمود فالح سەید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا لەزاری فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق بڵاویكردەوە، لەدوو مانگی داهاتوودا حكومەتی عیراق توانای دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی نامێنێت و گەنجینەی دەوڵەت تەنها یەم ترلیۆن دیناری تێدایە لەكاتێكدا بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران، مانگانە پێویستیان بە 8 بۆ 10 ترلیۆن دینار دەبێت.
بەووتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێداگری ساری بۆ ئەوەی لەئەنجوومەنی نوێنەران میوانداری بكرێت بۆ ئەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری ئەنجوومەنەكە كۆبێتەوەو چەند پێشنیارێك تاوتوێ بكەن. كە بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە بێـت، یەكێك لەپێشنیارەكان خۆی دەبینێتەوە لە فرۆشتنی نزیكەی 1000 كۆشكی سەر بەرژێمی بەعسی ڕووخاو، هاوكات دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران لە 30 رۆژ جارێك بكرێت بە 40 رۆژ جارێك، سەرەتاش مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دابەشبكرێت كە مووچەكانیان لەئاستی كەم بۆ مامناوەنددایەو دواتر پلە باڵاكان وەك پەرلەمانتاران، فەرمانبەرانی كۆشكی كۆماری و مامۆستایانی زانكۆ.