راچڵەكین-
پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، شاندێكی باڵای پارتەكە، بە فەرمی واژۆی لەسەر پڕۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی كردووە.
پرۆژە یاساكە بە "پڕۆژەیاسای بەهێزكردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی" ناسراوە و ئامانج لێی، دانانی زەمینەیەكی یاساییە بۆ پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە توركیا و باكووری كوردستان.
بەپێی دەقی پرۆژەیاساكە، دیاریكردنی كۆتاییهاتنی كردەیی و چەكداماڵینی پارتی كرێكارانی كوردستان و كۆما جڤاكێن كوردستان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەكانی توركیا دەستنیشان دەكرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیش پشتڕاستی دەكاتەوە.
یاساكە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە تۆمەتبارن بە دامەزراندن، سەركردایەتیكردن، ئەندامبوون و پڕوپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و كەجەكە، لەگەڵ ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە دابینكردنی سەرچاوەی دارایی. بەڵام ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانی كوشتنی بەئەنقەست، یان پێش یەكی حوزەیرانی 2005 سزای زیندانیی هەتاهەتایی یان زیندانیی قورسكراوی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاوە، لە یاساكە بێبەش دەبن.
پرۆژەیاساكە میكانیزمێكی نوێی بۆ دواخستنی لێكۆڵینەوە، دادگاییكردن و سزاكان داڕشتووە؛ بەجۆرێك بۆ ئەو تاوان و سزایانەی لە 15 ساڵ كەمترن ماوەی پێنج ساڵ، وە بۆ ئەوانەشی لە 15 ساڵ زیاترن یان زیندانیی هەتاهەتایین ماوەی 10 ساڵ پرۆسەی دادگاییكردن و جێبەجێكردنی سزاكانیان دوادەخرێت. ئەگەر لەو ماوەیەشدا ئەو كەسانە هیچ تاوانێكی نوێ ئەنجام نەدەن، دۆسیەكانیان دادەخرێت و سزاكانیان بە جێبەجێكراو هەژمار دەكرێت، هەروەها لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكەدا تەواوی رێكارەكانی دەستبەسەركردن و چاودێریی دادوەری لادەبرێن.
چاوەڕێ دەكرێ بە پێشكێشكردنی رەشنووسەكە بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەڵوێستی پارتە سیاسییەكانیش زیاتر روون ببێتەوە.