راچڵەكین-
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان سەركۆنەی لێدوانەكەی پارێزگاری كەركوك دەكات لەبارەی ماددەی 140 و ڕایدەگەیەنێت، خەڵكی كوردستان ماددەی 140 ی دەستوور وەك دیارترین نەخشەرێگە دەبینن بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی دێرینی نیشتمانەكەیان.
رۆژی پێنجشەممە 6ی ئابی 2026 دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، بنچینەی سەرەكیی سیستەمی حووكمڕانی لە عیراقی نوێدا دەستووری وڵاتە و بووەتە پەیمانێكی راستەقینە. گەلانی عیراق بە تەواوی جیاوازییەكانیانەوە وەك شانازییەكی گەورەی تێكۆشانیان دژی دەسەڵاتی زۆردار باسی لێوە دەكەن. پابەندبوون بەم دەستوورە تەنیا پابەندییەكی یاسایی و پاراستنی دەستكەوتەكان نییە، بەڵكوو رێزگرتنە لە ویستی گەلانی عیراق.
" خەڵكی كوردستان وەك پێكهاتەیەكی گرنگی ئەم وڵاتە، بە بایەخێكی زۆرەوە و وێڕای تێبینییەكانیان، دەستیان بەم بنەمایەوە گرتووە و وەك بەرهەمی خەباتێكی درێژخایەن وێنای دەكەن. ماددەی 140ـی دەستووریش وەك دیارترین نەخشەرێگە دەبینن بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی دێرینی نیشتمانەكەیان، ئەویش پرسی ناسنامەی رووبەرێكی بەرفراوانی خاكەكەیەتی لە عیراقدا. هەروەها بڕوایان وایە دەستوور رێگەیەكی هاوسەنگی داڕشتووە بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی عیراقی فیدراڵدا."
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ڕوونیكردووەتەوە، هەر جۆرە لێدوانێكی نادەستووری لەلایەن پارێزگاری كەركووكەوە بە تەواوی رەتدەكەنەوە. لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە پارێزگار گیانی پێكەوەژیانی راستەقینە لە شارەكەدا زاڵ بكات و خۆی لە بەكارهێنانی دەستەواژەیەك بەدوور بگرێت، پێچەوانەی دەستوور و ویستی راستەقینەی گەلانی عێراق بێت.
لە كۆتاییدا دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان هۆشداری داوە لەوەی، لێدوان و دیداری نادەستووری رووبەری بێمتمانەیی فراوان دەكات و سەرنجیش لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەكان لادەدات، لە كاتێكدا ئەمڕۆ كەركووك لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری هەیە. راگەیەنراوەكە لە رۆژی 06ـی ئابی 2026 بڵاوكراوەتەوە.