راچڵەكین -
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی كۆمپانیای دانە غاز بۆ دابینكردنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ حكومەتی عیراق ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكان بۆ دەستپێكردنی دابینكردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلكردنی گرێبەستەكە هەژمار دەكرێت، هەروەها دەستوەردانێكی بێپاساوە بۆ ئەو رێكارە دامەزراوەییانەی كە پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕێكدەخەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-8-2026، حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی دابینكردنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەلایەن هەردوو كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیۆم و دانە غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق، بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، حكومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، هەر ئاماژەیەكیش بەوەی كە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاكلایەنانەكەی كارپێكەرەكان كردبێت، ناڕاست و چەواشەكارانەیە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
لە 4ی ئابی 2026، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەردوو كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، كە كارپێكەری هاوبەشی كێڵگەی كۆرمۆرن، ئاگاداركرایەوە كە دەستیان كردووە بە دابینكردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عێراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا. حكومەتی هەرێم ئەم ئاگاداركردنەوەیەی تەنها لە كاتی ڕاگەیاندنی فەرمی كۆمپانیاكاندا پێگەیشت.
وەك قەوارەیەكی دەستووری و دانەبڕاو لە كۆماری فیدراڵیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزكردنی ئاسایشی وزە لە هەرێمی كوردستان و عێراق. ئەم ئامانجەی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەموو عێراقییەكانی كردووە. حكومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینكردنی غاز یان كارەبا بۆ هیچ بەشێكی عێراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە ڕێكخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە كارپێكراوەكان و بە ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم وەك لایەنی گرێبەستكار ئەنجام بدرێن.
حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی پێشكەوتنی بەرچاویان لە بەهێزكردنی هاوكارییەكان لە كەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم كەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكان بۆ دەستپێكردنی دابینكردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلكردنی گرێبەستەكە هەژمار دەكرێت، هەروەها دەستوەردانێكی بێپاساوە بۆ ئەو رێكارە دامەزراوەییانەی كە پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕێكدەخەن.
كرداری كۆمپانیاكان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای گازی سروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەكانی وزەی هەرێم، كە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سروشتی هەیە، كردووە. ئەم داوایە لە پێناو دابین كردنی وزەی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق بووە. بەلام بە داخەوە لە جیاتی هاوكاری و هەماهەنگی لە گەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، كۆمپانیاكانی كرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاك لایەنەیان دا كە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناكات.
حكومەتی هەرێم، ڕاگەیەندراوە فەرمییەكەی كۆمپانیاكان ڕەتدەكاتەوە كە تیایدا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی رێكارەكانی دابینكردنی غاز. حكومەتی هەرێم نە ڕەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەك بەوەی كە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاكلایەنانەكەی كارپێكەرەكان كردبێت، ناڕاست و چەواشەكارانەیە.
حكومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێكەوتە یاسایی، گرێبەستی و كارپێكردنەكانی كردارەكانی كۆمپانیاكان دەكات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەكان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەكانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە سێكتەری وزە.
حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز و كارەبا لە ڕێگەی ئەو رێكارانەی كە لەسەری ڕێككەوتوون، و لە ڕووی گرێبەستییەوە گونجاون و لە بەرژەوەندی خەڵكدان.