راچڵەكین-
سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، دەڵێت لە ئەگەری ڕێگریی كردن لە فرۆشتنی نەوتی وڵاتەكەی، ڕێگا بە فرۆشتنی نەوت لە ناوچەكەدا نادەن و دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی.
محەممەد باقر قالیباف جارێكی دیكە ئەو پۆستەی بڵاوكردەوە، كە لە 22ی تەمووز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویكردبووەوە، تیایدا باس لە هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ ڕێگریی كردن لە هەناردەكردنی نەوتی ئێران دەكات و ئاماژە بەوەدەكات: "هاوكێشەی جەنگ ڕوونە یا هەمووان، یا هیچ كەس. لە ناوچەیەكدا كە ئێمە نەتوانین نەوت بفرۆشین، كەس ناتوانێت نەوت بفرۆشێت".
"تا ئەو كاتەی ژێرخانی ئێران پارێزراو نەبێت، ژێرخانی هیچ كەس پارێزراو نابێت. ئاسایشی گەرووی هورمز پەیوەستە بە نەبوونی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. چەندین جار وتوومانە گەرووەكە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی". سەرۆكی پەرلەمانی ئێران وا دەڵێت.