راچڵەكین -
لەەر فەرمانی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا، بانكی ناوەندیی عیراق بڕیار دەدات دەستبەسەر سامانە گواستراوە و نەگوازراوەكانی موسەننا سامەرائی و 11 تۆمەتباری دیكەدا بگیرێت، كە لەسەر كەیسی گەندەڵی دەستگیركراون.
بەگوێرەی نوسراوێكی بانكی ناوەندیی عیراق كە ئاڕاستەی سەرجەم بانكە مۆڵەتپێدراوەكانی عیراق كراوە، تێیدا هاتووە، لەسەر بنەمای فەرمانێكی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ كەرخ، كە داوای دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانە گواستراوە و نەگوازراوەكانی 12 تۆمەتباری دەستگیركراو دەكات، دەستبەجێ فەرمانەكە جێبەجێ بكەن و لە ئەنجامەكەشی ئاگادارمان بكەنەوە.
ئەو تۆمەتبارانەی كە فەرمانەكە دەیانگرێتەوە، بریتین لە موسەننا سامەرائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم، عالیە نسەیف جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئیبراهیم سومەیدەعی، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق و 9 ئەندامی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران، كە پێشتر لەسەر كەیسی گەندەڵییەكانی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق، بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركرابوون.
رۆژی 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە هەڵمەتێكی فراواندا لەناوچەی سەوزی بەغدا، ژمارەیەك سەركردە و پەرلەمانتاری عیراقیان دەستگیركرد بە تۆمەتی تێوەگلان لە كەیسەكانی گەندەڵی، كە لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لە عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوت، ناویان هاتبوو، تائێستاش ئەو تۆمەتبارانە لەژێر لێكۆڵینەوەدان و كەیسەكانیان یەكلایی نەبووەتەوە.