راچڵەكین-
دەستەی دەستپاكی فیدراڵی دەرچوونی دوو سزای زیندانی بۆ ماوەی حەوت ساڵ بۆ هەریەك لە عەلی مەعاریج بەهادلی؛ بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن و تەڵاڵ زەوبەعی، پەرلەمانتاری پێشووی عیراق راگەیاند.
ڕۆژی یەكشەممە 30ی ئابی 2026 دەستەی دەستپاكی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تاوانی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان بەشێوەی نایاسایی، سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ (تەڵاڵ زەوبەعی) ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەرچووە.
بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگا، تەڵاڵ زەوبەعی بڕی سەرمایەكەی كەبەنایاسایی پەیدای كردووە گەیشتووەتە 35 ملیار دینار، هەربۆیە جگە لە گەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە، پێویستە بڕی سزادانەكەشی بدات كە بەكۆی هەردووكیان دەگاتە 70 ملیار دینار، جگە لەسزای زیندانییەكەی.
تەڵاڵ زەوبەعی
وەك لەڕاگەیەندراوەكەی دەستەی دەستپاكیدا هاتووە، بەهەمان شێوە دادگا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ حەوت ساڵ بۆ عەلی مەعاریج بەهادلی؛ بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن دەكردووەو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو سامانەی بەهادلی كەبەشێوەیەكی نایاسیی كۆیكردووەتەوە گەیشتووەتە نزیكەی 26.5 ملیار دینار، هەربۆیە پێویستە جگە لەگەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە، سزا دارایەكەشی بدات كە بەكۆی گشتی هەردووكیان دەگاتە 53 ملیار دینار.
عەلی مەعاریج بەهادلی