راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا هەڵوێستی لەبارەی پلانێكی ئیسرائیل بۆ كۆچپێكردنی زۆرەملێی دانیشتووانی كەرتی غەززە و راگواستنیان بۆ وڵاتانی دیكە، ئاشكرا دەكات و باڵیۆزی ئەو وڵاتەش لە تەلئەڤیڤ رایدەگەیەنێت، هیچ پلانێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییە.
مایك هاكابی، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئیسرائیل رایگەیاند: هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە هیچ پلانێك لە ئارادا نییە بۆ ناچاركردنی فەلەستینییەكانی نیشتەجێی كەرتی غەززە بە كۆچكردنی زۆرەملێ و جێهێشتنی زێدی خۆیان، پێویستە لەسەر حكومەتی ئیسرائیلیش ئاسایشی كەناری رۆژئاوا بپارێزێت.
وتیشی:" دانیشتووانی كەرتی غەززە ئازادن ئەگەر بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بیانەوێت كۆچ بكەن، بەڵام ناچاركردنیان بە كۆچكردنی زۆرەملێ، كارێكی زۆر شەرمەزارانەیە".
باڵیۆزی ئەمریكا لە ئیسرائیل جەختی لەوەكردەوە كە نە ئیسرائیل پلانی لەو جۆرەی هەیە و نە ئەمریكاش ئەو جۆرە پلانە پەسەند دەكات.
لێدوانەكەی مایك هاكابی لەكاتێكدایە، ئیتمار بن گەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، لەچەند رۆژی رابردوودا پلانێكی راگەیاند بەئامانجی كۆچپێكردنی زۆرەملێی دانیشتووانی كەرتی غەززە و نیشتەجێكردنیان لە شوێنی تر و رایگەیاندبوو: پلانەكە بەم جۆرەیە كە لەماوەی ئەمساڵدا 250 هەزار كەس لە دانیشتووانی كەرتی غەززە دەربكرێن و لەماوەی شەش ساڵی داهاتووش نزیكەی دوو ملیۆن كەسی دیكە دەربكرێن و رەوانەی وڵاتانی دیكە بكرێن.
بن گەفیر جەجتی لەوە كردبووە كە پلانەكەی زۆر واقیعیانەیە لەپێناو كۆتایی هێنان بە قەیرانی كەرتی غەززە، ئاشكراشیكردبوو چەندین وڵات ئامادەییان نیشانداوە پێشوازیی لە ئاوارەكانی كەرتی غەززە بكەن و لەسەر خاكی وڵاتەكانیان نیشتەجێیان بكەن.