وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر پەلاماردانی هاندەرانی یانەی هەولێر دێتەدەنگ

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 187

راچڵەكین -
  
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیدانەی پەلاماردانی هاندەرانی یانەی وەرزی هەولێر لەلایەن هاندەرانی یانەی شورتەی بەغدا دەكات و رایدەگەیەنێت: پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەم ڕەفتارە ببێتە هۆی دروستبوون و گەشەكردنی گوتاری ڕق و كینە و گرژی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی رۆشنبیری، كە ئەمڕۆ شەممە 5-9-2026، ئاڕاستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان و ناوەندە وەرزشییەكانی عیراقی كردووە، تێیدا هاتووە، بەداخەوە، دوای كۆتایی هاتنی یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و یانەی شورتە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە شاری بەغدا، ژمارەیەك لە هاندەرانی یانەی شورتە پەلاماری هاندەرانی یانەی هەولێریان دا، ئەم پەلامارە نەشیاوە بووە هۆی برینداربوونی چەندین هاندەر و زیانگەیاندن بە پاسەكانی گواستنەوەیان.

وەزارەتەكە وێڕای ئیدانەكردنی "ئەم ڕەفتارە نابەرپرسانەیە" ئاماژەی بەوەشكردووە كە وەرزش پەیامی ئاشتی، تەبایی، ڕەوشتبەرزی و ڕێزگرتنی یەكترە، نەك توندوتیژی و هاندانی گیانی ڕەگەزپەرستی، كە لێكەوتەی مەترسیداری بۆ پەیوەندییە وەرزشی و كۆمەڵایەتییەكان دەبێت.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە كە پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەم ڕەفتارە ببێتە هۆی دروستبوون و گەشەكردنی گوتاری ڕق و كینە و گرژی، پێویستە وەرزش ببێتە مایەی بەهێزكردنی گیانی هاوبەشی، پێكەوەژیان و بەهێزكردنی پەیوەندییە كولتوورییەكان.

ئەوەش روونكراوەتەوە كە "هەمووان شاهێدی ئەوەن هەرێمی كوردستان هەمیشە ماڵێكی ئارام و ناوەندێكی سەرەكی بوون بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی و چالاكییە وەرزشییەكان لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی لە سەرجەم یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرەكاندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە هەرێمەكەمان هەمیشە سەكۆی ئاشتی و پێشوازیكردن بووە لە وەرزشوانان و هاندەران بەبێ جیاوازی".

وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە سۆنگەی باوەڕیان بە سەروەریی یاسا بۆ پاراستنی گیانی هاندەران، یاریزانان و دەستەی كارگێڕیی یانەكانمان و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم كردەوانە، داواكارن لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدڕاڵی ڕێوشوێنی ئەمنیی و ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ پارێزگاریكردن لە سەلامەتی گیانی یاریزانان و هاندەرانی یانەكانی هەرێمی كوردستان و سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكەنەوە.

وەزارەتەكە وێرای دووپاتكردنەوەی پشتگیریی تەواوی بۆ یانەكانی (هەولێر، دهۆك، زاخۆ، نەورۆز) و سەرجەم هاندەرانیان، داواشیكردووە لیژنەی ئینزیباتی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی خولی ئەستێرەكان، یانەی سەرپێچیكار بێبەش بكات لە ئامادەبوونی جەماوەرەكەی لە یارییەكانی داهاتوودا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن