راچڵەكین -
سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی دوو ناوچەی دیكەی ئۆكراینای راگەیاند و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش ئاشكرای دەكات لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا نزیكەی هەزار و 400 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.
ئەمڕۆ یەكشەممە 6-9-2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی بەرەكانی جەنگی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، هێزەكانیان لە چوارچێوەی بەردەوامیی پێشڕەوییەكانیان، دوو شارۆچكەی دیكەیان لە هەرێمی زاپۆرۆژیا و كۆماری دۆنێتسك كۆنترۆڵكرد.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، هەر لەو ماوەیەدا هەزار و 396 سەربازی سوپای ئۆكراینا و چەكداری كرێگرتەی بیانی، لەسەرجەم بەرەكانی جەنگدا كوژراون و هێڵی بەرگرییەكانیشیان خاپوور كراون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، بەرگریی ئاسمانیی سوپای رووسیا زیاتر لە 400 درۆنی خۆكوژی ئۆكراینای خستووەتەخوارەوە و چەندین كۆگای چەك و تەقەمەنیی ئەو وڵاتەشی لەناوبردووە.
بەردەامبوونی هێرشە زەمییەكانی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆكراینا، لەكاتێكدایە بەپێی فەرمانێكی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە، لە شەوی رابردووەوە هێرشە ئاسمانییەكان بۆسەر شاری كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكراینا راگیراوە، كە بۆماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.