راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە كەناری رۆژئاوا، ژمارەیەك چەكداری بزوتنەوەی حەماس دەستگیركرد كە سەرقاڵی داڕشتنی پیلانێك بوون بۆ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سوپای بەرگریی ئیسرائیل كە ئەمڕۆ یەكشەممە 6-9-2026 لەلایەن میدیاكانی ئەو وڵاتەوە بڵاوكرایەوە، هێزەكانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا لە شارۆچكەی عەقابای كەناری رۆژئاوا، 10 چەكداری بزوتنەوەی حەماسیان دەستگیركرد.
دەستگیركردنی ئەو چەكدارانەی حەماس كە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (شاباك) ئەنجامدرا، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە بوو كە گوایە ئەو چەكدارانەی حەماس بەنیازی جێبەجێكردنی پیلانێك بوون بۆ زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئیسرائیل، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی پیلانەكە، لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە پووچەڵكرایەوە و سەرجەم ئەو چەكدارانەی بریاربوو لە پیلانەكەدا بەشداربن، دەستگیركران.
سوپای ئیسرائیل بەبێ ئاشكراكردنی ناسنامەی چەكدارە دەستگیركراوەكانی حەماس، ئاماژەی بەوەكردووە كە سەرجەمیان رەوانەی بنكەیەكی سوپا لەناوخۆی ئیسرائیل كراون بەمەبەستی لێكۆڵینەوە.