ئەڵمانیا.. راستڕەوەكان هەڵبژاردنی هەرێمی زاكسن ئەنهالت-یان بردەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 116

راچڵەكین -

هەڵبژاردن لە هەرێمی زاكسن ئەنهالتی ئەڵمانیا كۆتایی هات و بەپێی ئەنجامە بەراییەكانیش، پارتی (جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا)ی راستڕەو نزیكەی نیوەی دەنگەكانی بەدەستهێنا و پارتەكەی راوێژكاری ئەڵمانیاش كەمتر لە 19%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.

ئەمڕۆ یەكشەممە 6-9-2026، هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی زاكسن ئەنهالت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا كۆتایی هات و ئەنجامە بەراییەكانیش دەریدەخات پارتی (جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا) كە پارتێكی راستڕەوی دژە پەنابەرە، سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد و رێژەی 44.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.

پارتەی راوێژكاری ئەڵمانیا (كریستیان دیموكرات) پاشەكشەی كردووە و تەنها رێژەی 18.5%ی دەنگی بەدەستهێناوە، پارتی چەپ لە پلەی سێیەم دێت بە بەدەستهێنانی 9.5%ی دەنگەكان، هەریەك لە پارتەكانی سەوز و سۆسیال دیموكراتیش لە پلەكانی چوارەم و پێنجەم دێن بە بەدەستهێنانی رێژەی 9% و 8%ی دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی زاكسن ئەنهالت.

بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی زاكسن ئەنهالت لەلایەن پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا، ترسێكی زۆری لای كۆچبەرە بیانییەكان دروستكردووە بەهۆی هەڵوێستەكانی ئەو پارتە بەرامبەریان، لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا، ئۆلریش زیگمۆند سەركردەی ئەو پارتە رایگەیاندبوو، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا توانییان سەركەوتن لە ویلایەتی زاكسن ئەنهالت بەدەستبهێنن، یەكەم كاریان بریتی دەبێت لە دەركردنی سەرجەم ئەو كۆچبەرە بیانییانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی هاتوونەتە وڵاتەكە.

پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا، بە دژایەتیكردنی كۆچبەرانی بیانی ناسراوە و پاڵپشتییەكی زۆر لە رووسیا و ئەمریكا دەكات، هاوكات گوشارەكانیشی لەسەر حكومەتی بەرلین زیادكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ مۆسكۆ و كۆتایی هێنان بە پاڵپشتیكردنی ئۆكراینا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن