وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێک بۆ ئەمریکا دەنێرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 343

راچڵەکین-

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە لە ئێستادا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان رووی لە نیویۆڕک کردووە، ڕەخنەی توندی لە هەژموونی ئیسرائیل گرت لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتەکەی و وتی، کاتی ئەوە هاتووە واشنتن خۆی لەو کۆتوبەندە رزگار بکات.

ئەم هەڵوێستەی عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس وەک پەرچەکردارێک بوو بەرامبەر وتارێکی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم"، کە تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی قووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازی، تەکنەلۆجی، هەواڵگری و ئابوورییەکانی نێوان تەلئەبیب و واشنتن کراوەتەوە، بەجۆرێک کە هەر زیانێکی ئابووری بۆ سەر ئیسرائیل، تێچوویەکی ڕاستەوخۆ و بەرچاو بۆ ئەمریکاش دروست بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: ئیسرائیل هیچ باکێکی نییە لە دەربڕین و ئاشکراکردنی رۆڵ و هەژموونی خۆی لە دارشتنی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران.

نووسەری وتارەکەی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە هاوکات جەختی لەوەش کردبووەوە کە دەبێت ئیسرائیل مۆدێلی پەیوەندییە ئابوورییەکانی بگۆڕێت و ڕووبەری بازرگانییەکانی لەگەڵ بازاڕە جیهانییە جیاوازەکاندا فراوانتر بکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن