هۆكار و نیشانه‌كانی گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

21/05/2020     ژمارەی بینراو 11210

گەدە

ڕاچڵه‌كین-

سورێنچک یان بۆڕی گوێزەرەوەی خواردن کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی ناو قەفەسی سنگ و ھەرەسەرەوەی سک، بە ھۆی بوونی خه‌سڵەتێکی تایبەت لە بەشی ھەرەخوارەوەیدا پێش ئەوەی بگاتە گەدە (مەعیدە)، ڕێگری دەکات لە گەڕانەوەی ئەو ترشەی کە ڕژێنەکانی ناوپۆشی گەدە دەریدەکەن بۆ ھەرس کردنی خواردن. ھەر کاتێک ئەو خاسڵەتە تووشی تێکچوون بێت، ترشی گەدە دەگەڕێتەوە ناو سورێنچک و دەبێتە ھۆی سووتانەوە و برینی سورێنچک و ئەو حاڵەتە درووست دەبێت کە بە گەڕانەوەی ترشی و ھەوکرنی سورێنچک ناودەبرێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر زانا دزەیی پسپۆڕی ھەناو باس له‌ هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌كات.

گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ترشی گه‌ده‌ یەکێکە لە حاڵەتە ھەرەباوەکان لەسەرتاسەری جیھان و ھەندێ داتا دەیخەمڵێنن کە نزیکەی ٪٣٠ دانیشتوانی زەوی گەڕانەوەی ترشییان ھەیە.

-ھۆکارە سەرەکییەکانی بریتیین: ھۆکارگەلێک ھەن بەڵام سەرەکیتریینیان:
قەڵەوی بە تایبەتی لە سک، فتقی مەعیدە، خواردنی خێرا (فاست فوود) خواردنی سورکراوەو برژاو، مەشروباتی کحولیی، مەشروبە غازییەکان، جگەرە و ھەندێ ھۆکاری تر.

-دیارتریین نیشانەی نەخۆشییەکە دڵە کزێیە، یان ھەست کردن بە سووتانەوە، کە سەرەکیتریین و بێزارکەرتریین نیشانەی نەخۆشیەکەیە، نیشانەکانی تر بریتین لە گەڕانەوەی پێکھاتەی خواردن لە گەدەوە بۆ ناو سورێنچک و دەم، ھەست کردن بە قورسایی یان بوونی ئازار لە سنگ لە کاتی قوتدانی خواردن، بوونی ئازارێکی سنگی تووند لە ناوەڕاستی سنگ.

ھەندێ نیشانەی تری تایبەت ھەیە کە لە دەرەوەی کۆئەندامی ھەرس ڕوودەدات لەو کەسانەی کە ڕجوعیەیان ھەیە لەوانە:

قورگ ووشکیی و ژانی قورگی بەردەوام، دەنگ گیران و دەنگ تێکچوون، ووشکە کۆکەیەکی درێژخایەنی تووند، خیسە خیسی سنگ، تێکچوونی ددانەکان.

-ماک و لێکەوتەکانی: ئەگەر بە شێوەیەکی مونتەزەم چارەسەر نەکرێت ئەوا دەشێ ببێتە ھۆی:
١-برین (قوڕحەی) سورێنچک
٢-تەسک بوونەوەی سورێنچک
٣-سورێنچکی بارێتیی (حاڵەتێکی تایبەتە) 
4-تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک (بە تایبەت لەوانەی ھەوکردنی سورێنچکی بارێتیان ھەیە). 
٥-تووش بوون بە ڕەبۆ و ھەوکردنی سییەکان.

-دەستنیشان کردن: ڕێگای سەریریی واتا بینینی پزیشک سەرەکیتریین ڕێگای تەشخیسە.
نازوڕی سورێنچک و گەدە بە گرنگتریین فەحس دادەنرێت. پێوانی ٢٤ کاتژمێری ڕێژەی ترشی و PH ی گەدە بۆ دڵنیا بوونەوەی تەواو لە حاڵەتەکە.

چارەسەر:
ھاونیشتمانی ئازیز، خۆت بەشدارکەریی سەرەکیی چارەسەری ئەو حاڵەتەیت، لە سەدا پەنجای چاره‌سه‌ره‌كه‌ لای خۆتە، ئەویش لە ڕێگای ھەندێك ڕێنمایی:

١-دابەزاندنی کێشی لەش لەوانەی کێشیان زیادە یان قەڵەون.
٢-بەرزکردنەوەی سەر لە ڕێگای سەرین (بالیف)ی بەرز لە کاتی خەوتن.
٣-دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و نێرگەلە کێشان.
٤-دوورکەوتنەوە لە مەشروباتی کحولیی و مەشروباتە غازییەکان وەک کۆلا و بیبسی و فانتا...ھتد
٥-دوورکەوتنەوە لە تیژیی و تورشییات و چوکلات و قاوەو مۆتە و ئایسکرێم.
٦-نابێت سێ كاتژمێر بەر لە خەوتن ھیچ خواردنێک بخۆیت تەنھا خواردنەوە نەبێت، نابێت تا سێ كاتژمێر دوای خواردنی ژەمەکان پاڵبکەویت.
٧-خواردنی دەرمان بە شێوەیەکی پێویست و مونتەزەم و تەواو کردنی کۆڕس و موتابەعەکردن.

چارسەری پزیشکیی:
دوو ڕێگای سەرەکیی ھەن:

یەکەم: لە ڕێگای خواردنی دەرمانی تایبەت بە گەڕانەوە و دژە ترشیی، دەبێ کۆڕسی دەرمان خواردن لە ٦ بۆ ٨ ھەفتە بێت و دەشێ کۆڕس چەند جارێک دووبارە بکرێتەوە.

دووەم: نەشتەرگەریی یان عەمەلیاتی ڕجوعیە، بۆ ھەندێ حاڵەتی تایبەت دەکرێ کە پێویستە پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارە بڕیاری لەسەر بدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن