سلێمانی؛ دەستبەسەر ژمارەیەك ئاژەڵی سەربڕاودا گیرا

کوردستان

23/05/2020     ژمارەی بینراو 260

راچڵەكین-

بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵ بەشێوەیەكی نایاسایی، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر ژمارەیەك ئاژەڵێ سەربڕدراودا دەگرێت و لەناودەبرێت‌.

بێوەی ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی دوی سەربەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" رۆژانە لیژنە هاوبەشەكان بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی دەكات، لە ئەنجامی ئەو سەردان و پشكنینانە‌ و بەهۆی بەنایاسایی سەربڕین، لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر حەوت ئاژەڵێ بچوك و دو ئاژەڵێ گەورەی سەربڕدراو و (14) كیلۆگرام گۆشت و قیمەدا گیراوە‌."

وتیشی:" ئاژەڵەكان لە ناوچەی زڕگوێزی شاری سلێمانی و بەدەر لە رێنماییەكانی تەندروستی و ڤێتێرنەری سەربڕدرابون و خاوەنەكانیان بەنیازبون بە هاوڵاتیانی بفرۆشن."

بێوەی، دەڵێت:" ئەو كوشتارگایانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی‌ سەرپەرشتییان دەكات، پێش سەربڕین و پاش سەربڕین، پشكنین بۆ ئاژەڵەكه دەكەن‌ تابزانرێت بۆ ئاژەڵەكە بۆ سەربڕین شیاوە، دواتر بۆ دڵنیابونەوە لە تەندروستی گۆشتەكە بۆ خواردن پشكنینی بۆ دەكرێتەوە پاشان مۆر دەكرێت، بەڵام ئەو ئاژەڵانەی لە كۆڵان و شەقامەكان سەردەبڕدرێن، پشكنینیان بۆ نەكراوە نازانرێت هەڵگری چ جۆرە نەخۆشیەكن بۆیە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە رێگری لە سەربڕین و فرۆشتنیان دەكرێت."

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ئاژەڵە سەبڕدراوەكان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی دەكرێت بۆ لەناوبردن."



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن