حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە چەند بڕیارێكی دەركرد

کوردستان

03/06/2020     ژمارەی بینراو 18472

راچڵەكین

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا موچەی پلە باڵاو تایبەتەكان كەمبكرێتەوە، وتەبێژی حكومەتیش رایدەگەیەنێت، هەر كاتێك پارەمان لەبەردەست بوو مووچە دابەشدەكەین، رێكاری یاساییش بەرامبەر ئەو كەسانە دەگرینەبەر كە لە مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمدەكەنەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ 3-6-2020 ئەنجامیدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاشكراكردو رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە كەمكردنەوەی موچەی پلە باڵاو تایبەتەكان كەمبكاتەوە، بۆئەوەی جیاوازی لەنێوان موچە بەرزەكان و موچە نزمەكان كەمبكرێتەوە.

وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد كە پەتای كۆرۆنا زۆر مەترسیدارەو حكومەتیش هەموو هەوڵێكیدا بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان، وتی:"  رێكارەكان لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی خەڵكی كوردستانە، هەر كەسێكیش لە مەترسییەكانی كۆرۆنا كەمبكاتەوە، رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە".

جوتیار عادل ئاشكراشیكرد، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كراو ئامادەكاریش دەكەین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر پرسی موچەو شایستە داراییەكان، راشیگەیاند: بۆ یەكەم جار حكومەتی هەرێم شاند دەنێرێت بۆ بەشداریكردن لە دانوستانی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریكا.

سەبارەت بەو دەنگیانەی باس لەوە دەكرێت هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەكرێت، وتەبێژی حكومەت ئەو دەنگیانەی رەتكردەوەو رایگەیاند: نەمانوتووە هەفتەی داهاتوو موچە دابەشدەكرێت، بەڵكو چاوەڕوانی  هاتنی پارەكەی بەغدا دەكەین، بەگوێرەی ئەو داهاتەشی كە لەبەردەست حكومەتدا هەیە، هەوڵی دابەشكردنی موچە دەدەین و هەركاتێك پارەی پێویستمان لەبەردەست بوو، دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی دووی ئەمساڵ دەكەین.

لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیش، وتەبێژی حكومەتی هەرێم جەختی لەوە كردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاكسازی و جێبەجێكردنی یاساكە، وتی: ئەو بەڵێنانەش جێبەجێ دەكەین كە لەسەرتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بە خەڵكی كوردستانمان دابوو، بۆئەو مەبەستەش سەرجەم موچەی پلەی باڵاو تایبەتەكان بە رێژەیەكی دیاریكراو كەمدەكرێتەوە، بۆئەوەی جیاوازی لەنێوان موچە زۆرەكان و موچە نزمەكان كەمبكەینەوە.

باسی لەوەشكرد كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بەكۆی دەنگ پرۆژەیاسای ماف و ئەركەكانی نەخۆش پەسەندكرا، هاوكات پرۆژەیاسای لەئەستۆ گرتنی فەرمانبەرانیش پەسەندكرا، كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەكرابوو، بڕیاریشە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بەمەبەستی پەسەندكردنی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن