به‌وێنه‌.. زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و ژن و مێرده‌ رووسیه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌ولێر سه‌مایان ده‌كرد

کەلتوور

14/06/2020     ژمارەی بینراو 1707

راچڵه‌كین - رووداو

ڤیدیۆیەکی ماچکردن و باوەشلێدان لەبەردەم قەڵای هەولێر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوبووەوە، کە یەکەمجارە لەو شوێنە ڤیدیۆیەکی لەو شێوەیە تۆماربکرێ. لە بەدواداچوونێكدا دەرکەوت، ئەو دووانە هاوژینی یەکدین و خەڵکی رووسیان، بۆ کارکردن ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە هەولێرن.
 
ئالێکس کۆنۆبیڤیشک و ئالینا دی ئامۆر، ئەو دوو هاوژینەن، خەڵکی وڵاتی رووسیان. بۆ کارکردن چەند وڵاتێک گەڕاون و ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە هەولێر گیرساونەتەوە. هەردووکیان راهێنەری لەشڕێکین و ئێستا لە یەکێک لە هۆڵە وەرزشییەکانی هەولێر راهێنەرن. ئەوان بچنە هەر شوێنێک وێنە و ڤیدیۆی سەرنجڕاکێشی خۆیان بڵاودەکەنەوە.
 
ئالێکس لەبارەی هاتنیان بۆ هەولێر و ڤیدیۆی ماچەکەیان لە بەردەم قەڵای هەولێر بە رووداوی گوت "دەمانەوێت ڤیدیۆ و وێنەی جوان تۆماربکەین، بۆ هاندانی خەڵک و پێشاندانی رووە جوانەکانی ژیان".
 
ئالینا  و ئالێکس یەکەمجاریانە سەردانی هەولێر بکەن و زۆریش نەگەڕاون. ئالێکس ساڵی رابردوو هەر کە هاتووەتە هەولێر لای دڵگیر بووەو بڕیاری مانەوەی داوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کاری لەو بوارەی خۆی حەزی پێدەکات دەستکەوتووە، بۆیە شەش مانگ دواتریش ئالینای هاوژینیشی دەهێنێت و لە هەمان ئەو هۆڵەی خۆی کاری لێدەکات، کار بۆ ئەویش دەدۆزێتەوە. ئالێکس دەڵێ "  هەولێر شارێکی خۆشە و مێژوویەکی هەیە، خەڵکێکی باشی هەیە".
 
وێنەی ژن و مێردەکە لە هەولێر

ئالێکس بەرلەوەی سەردانی هەولێر بکات، وەک ئەکتەر و مۆدێلی لەشڕێکی لە تایلەند و ئیتاڵیا، هەروەها وەک راهێنەری ژێردەریایی لە رووسیا کاریکردووە.
 
لە ئینستاگرامەکەی ئالێکس، ژمارەیەک کورد کۆمێنتیان بۆ نووسیوە و هەمووان بەخێرهاتنی دەکەن بۆ هەولێر و دەستخۆشیی ڤیدیۆکەشیان لێکردووە. لەبارەی پەیوەندیی خۆی و ئالینای هاوژینی دەڵێ "دەمانەوێت بەنێوبانگ ببین، ئەم ڤیدیۆیەش پێشانیدەدات کە ژیانێکی راستەقینەی پڕ لە خۆشەویستی چۆنە، ئێمە لە رادەبەدەر یەکدیمان خۆشدەوێت، هاوژینەکەم ژیانی منە، ئێمە یەکدیمان بۆ پارە خۆشناوێت". ئالێکس لە ئینستاگرام و ئالینای هاوژینی لە تیک تۆک بەنێوبانگن. ئالێکس لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی "کاتێک لەخەو هەڵدەستین دەبینین زیاتر لە هەزار نامەمان بۆ هاتووە، ٪40یان ڤیدیۆکەیان بەدڵ نییە، بەڵام ٪60یان دەڵێن زۆر جوانە و داوای ڤیدۆی زیاتر دەکەن".
 
لەساڵی 2016ەوە ئالێکس و ئالینا ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە لە رووسیا، تاوەکو ئێستا منداڵیان نییە، بەڵام دوو سەگی بچووک لە ماڵەوە بەخێودەکەن.
 
وێنەی ژن و مێردەکە لەکاتی وەرزش

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت هەردووکیان لەشولارێکی رێک و جەستەیەکی بەهێزیان هەیە، ئالێکس دوای ماچێک، ئالینا بەرزدەکاتەوە، وەک ئەوەی بڵێی وەرزشی پێدەکات، بەڵام ئەو خۆی بە "ئەوپەڕی خۆشەویستی"دەزانێت بۆ هاوژینەکەی. لەبارەی تەندروستی و شێوازی ژیانیان ، ئالێکس دەڵێ خواردنەوە کحوولییەکان ناخۆنەوە، جگەرە ناکێشن و خواردنی تەندروست دەخۆن، ئەمە جگە لەوەی بەردەوامیش وەرزش دەکەن. 
 
لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا خەڵک لە دەرەوە خۆپارێزیی زۆر دەکەن و تەوقە ناکەن، کەچی ئالێکس و ئالینا هەر بە باوەشەوە نەوەستاون و ماچی لێوی یەکدی دەکەن، رووداو لە ئالێکسی پرسی لەم کۆرۆنایەدا ناترسی لەو ماچانە؟ ئەویش وەڵامیدایەوە "هەمیشە هاوژینەکەم ماچ دەکەم، پێموانییە ئەمە کێشەیەک بێت، شتێک ناکەین خراپ بێت و  ئەوە دەکەین کە بۆ خێزانەکەمان باشە، دەست لە هیچ شتێکی دیکە نادەین".

سه‌رچاوه‌ : رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن