ئایا کۆرۆنا بە پشکنینى خوێن دەستنیشان دەکرێت؟

تەندروستی

12/07/2020     ژمارەی بینراو 752

راچڵەکین-

بەهۆى ئەوەى نەخۆشییەکە نوێیە، تا ئێستا کەمترین ڕێ دۆزراوەتەوە بۆ دەستنیشان و چارە کردنى (کۆڤید-19).

ئەو پشکنینەى کە دەتوانرێت پشتى پێ ببەسترێت و بە شێوەیەکى بەربڵاو لە هەموو جیهان و لاى خۆشمان بەکاردەهێنرێت، بریتییە لەو پشکنینەى کە لەڕێى چوکڵێکى سەر بە لۆکەوە نموونە لە دواوەى لووت و ناودەم وەردەگیرێت، کە ئەمەش تەنها لە سەنتەرە حکوومییەکانى تایبەت بە کۆڕۆنا هەیە.

خەڵکى بەدواى بەدیلێکى ئەو پشکنینە دەگەڕێن. هەندێک تاقیگەى ئەهلی پشکنینێکیان دەستەبەر کردووە، کە پێى دەوترێت COVID-19 IgG/IgM Rapid Test، لەڕێى خوێنەوە دەکرێت و بە ماوەیەکى کەم ئەنجامەکەى دەردەچێت.

خەڵکى دەیانەوێت بزانن ئایا ئەو پشکنینە بنەمایەکى زانستیی هەیە؟

لەشی مرۆڤ، هەر کاتێک تەنێکى نامۆ -ڤایرۆس یەکێک لەوان- دەچێتە ناویەوە، (دژە تەن) دروست دەکات بۆ لەناوبردنى. لە هەفتەى 1-3ى تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، دوو جۆرە دژە تەن (IgG & IgM) لە دژى ئەو ڤایرۆسە دروست دەبن.

جا ئەم پشکنینى خوێنە، بوون یان نەبوونى ئەو بەرگرییە دەپێوێت کە دژى ڤایرۆسەکە دروست بووە نەک هى ڤایرۆسەکە، بۆیە کاتێکى دەوێت (وەک وتمان 1-3 هەفتە) بۆ ئەوەى دەربچێت.

بەم جۆرە ئەگەرچی ئەوانەى ئەو پشکنینەیان (پۆزەتیڤ) دەرچێت، ماناى وایە بە ئەگەرێکى زۆر تووشی نەخۆشییەکە بوون، بەڵام ئەوانەى کە پشکنینەکەیان (نێگەتیڤ) دەردەچێت، ناکات نەخۆشییەکەیان نییە، بەڵکو بۆى هەیە هەیانبێت و هێشتا دەرنەکەوتبێت. جا کێشە ئەوەیە کە بە یەکێک دەوترێت پشکنینەکەت (نێگەتیڤ)ە، ئیتر واى دادەنێت نەخۆشییەکەى نییە و بەو هۆیەشەوە ئاگاى لەخۆى نابێت، سەرەنجام حاڵى خۆى خراپتر دەبێت و نەخۆشییەکەش بۆ دەوروبەرى دەگوازێتەوە.

هەر بۆیە ئەم پشکنینە لەلایەن وەزارەتى تەندروستیی هەرێمەوە قەدەغە کراوە.

کێشەیەکى تر ئەوەیە، هەندێک جار بەهۆى هەندێک نەخۆشییەوە -بەتایبەت نەخۆشییەکانى ڕۆماتیزم- بە هەڵە و بێ هەبوونى کۆڕۆنا، (پۆزەتیڤ) دەدەچێت.

پوختەى قسان: بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت پشت بەو پشکنینە ببەسترێت بۆ دەستنیشان کردنى نەخۆشییەکە. ئەنجامەکەى، ئەگەر (پۆزەتیڤ) بوو دەکات کەسەکە کۆڕۆناى هەیە و هەفتەیەک زیاترە تووش بووە، ئەگەر (نێگەتیڤ) بوو، ماناى وا نییە نییەتى. بۆیە بە هیچ جۆرێک مەیکەن و پشتى پێ مەبەستن.

د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕى هەناو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن