بەرەڤان حەمدی
راچڵەكین-
لە سێ گۆڕی بە كۆمەڵی سەماوەدا دەركەوت كە تەنیا ژن و منداڵن و لە لایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە ئەنفال كراون. وەك بریكاری وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ئاماژەی پێكردووە
مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لە بیابانی سەماوە باشووری عێراق دۆزرانەوە و لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵدا دەستكرا بە هەڵدانەوەی یەكێك لە گۆڕەكان و ١٧١ رووفاتی قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفالی تیادا دۆزرایەوە.
دوای هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نموونەی ئێسكەكان وەرگیران و كارەكانی پزیشكی دادوەری دەستیپێكردو دەركەوت قوربانیان هەموو ژن و منداڵانی كوردن.
وەك، بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت، دۆخی ئاسایشی ناوچەكە رێگە نادات گۆڕەكان بە تەواوی هەڵبدەینەوە و قوربانیان بگەڕێنینەوە بۆ زێدی خۆیان.
بەرەڤان، سەبارەت بە زانیاری لەسەر گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەڵێت:"پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەردەوامی هەیە، ئێستا لە دەورووبەری شنگال و سەماوە ئەو پڕۆسەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسیی و ئیدارییەی لە عێراقدا هەیە، ئەو پڕۆسەیە لە داهاتوودا بەردەوامیی دەبێت".
بە وتەی بەرەڤان، تا ئێستا لەو گۆرە بە كۆمەڵەی سەماوە ١٧١ رووفاتی قوربانیانی شاڵاوەكانی ئەنفالی رژێمی بەعس دژ بە كوردەكان دۆزراونەتەوە، كە بە پێی ئەو نموونەیەی لە ئێسكی قوربانیان وەرگیراوە، دەركەوتووە كە سەرجەمیان ژن و منداڵن. بەجۆرێك رووفاتی 74 منداڵ و 97 ژن دۆزراونەتەوە.
ئەنفالی گەرمیان بە سێیەمین شالاوی كۆمەڵكوژی كوردان دادەنرێ كە لە ساڵی ١٩٨٨ لە ناوچەی گەرمیان ئەنجام دراوە.
لەبارەی هێنانەوەی رووفاتەكان لە بیابانەكانی سەماوەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەرەڤان حەمدی دەڵێت:" كاروباری پزیشكی دادوەری بۆ ئەو ١٧١ رووفاتە لە بەغدا تەواو بووە و گوتی: "ئێستا خەریكی ئامادەكارین بۆ رێوشوێنی هێنانەوە و بەخاكسپاردنی رووفاتەكان بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەچوارچێوەی زانستی و یاساییەوە".
بریكاری وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان دەڵێت، پێشبینی دەكەن پێنج گۆڕی دیكەی بە كۆمەڵ لەو شوێنە هەبێت و لەوبارەیەوە دەڵێت:"جگە لەو سێ گۆڕە، گۆڕی دیكە لەو سنوورە هەیە، ئەو كاتەی تیمەكانی ئێمە چوونە شوێنەكە، سێ گۆڕی بە كۆمەڵ هەبوو، ئێستا پێشبینی دەكرێت پێنج گۆڕی دیكەش لەو سنوورە هەبێت بەئاساییبوونەوەی رەوشەكە، پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت".
شاڵاوی ئەنفال لە نیوەی دووەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی بەعس بە هەشت قۆناغ دژبە گەلی كورد جێبەجێكرا كە تیایدا جگە لە زیندە بەچاڵكردنی پیاوان و منداڵان و ژنان، لە هەندێك ناوچە چەكی كیمیاییشی دژبە گەلی كورد لە عێراق بەكارھێنا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی دەستیكرد بە بەدواداگەڕانی رووفاتەكان و تا ئێستا چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی هەڵداوەتەوە و رووفاتەكانی گواستووەتەوە زێدی خۆیان.