لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم چەند بریارێکی دەرکرد

کوردستان

13/07/2020     ژمارەی بینراو 432

راچڵەکین-

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم رایگەیاند،قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و بەردەوام دەبێت لەگەڵ درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە 2020/7/13 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا کرد، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە و کارایی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان هەڵسەنگێنرا. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێژەی تووشبووان و مردن و چاکبوونەوە خستەڕوو کە ئاماژەی بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و هەڵکشانی ڕێژەکە کرد کە هۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. 

پاشان وەزیرانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تێبینی و سەرنج و هەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئاستی پابەندبوون بە ڕێنماییەکان خستەڕوو. 

بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا 

یەکەم: بەردەوامبوونی هەردوو وەزارەتی تەندروستی وناوخۆ لە دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بە کارهێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران.

دووەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و لە نێوان پارێزگاکان لەو کاتانەی کە لە لایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.

سێیەم: گەشتە ئاسمانییەکان هەتا 22 ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بە  هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.

چوارەم:  وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە هەڵمەتی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بە هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن