بەھۆی قەرزەوە، عێراق خۆی بەدەستەوە دەدات!

سەردەشت حەمەساڵح


02/06/2021

دەبوا خەڵکی عێراق لە خۆشگوزەرانییەکدا بژیانایە کە لە ریزی دەیەکەمی وڵاتاندا بونایە، بۆ گوزەرانێکی زۆر باش، لێ بەھۆی حوکمڕانە گەندەڵەکانییەوە نەک ھەر ئێستایەکی کولەمەرگی، بەڵکو رەشترین ئایندەیان بۆ مسۆگەر کراوە!.
راپرسییەکی بێلایەن و بێ غەش بکرێ، بەدڵنییاییەوە خەڵکی حوکمی صدام حسێن زۆر بە باشتر ھەڵدەبژێرن! بێ ھۆ نییەو بگرە ھۆکارەکان ھێندە زۆرو بینراون کەسێکی ئاسایی دەزانێ زۆربەیان باس بکات.
عێراقی ئێستا لە ھیچ رویەکەوە ھیچ وڵاتێ ئیرەیی پێ نابات. ھەموو جومگەو سێکتەرەکانی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە داماوە بەگەندەڵییەوە سیخناخ بوەو رۆژ لە دوای رۆژ داڕمانی مسۆگەرتر دەبێت و گوێمان لە بەرزبونەوەی ژمارەی قەرزەکانییەتی.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی لە دوایین لێدوانیدا وتی «قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق گەیشتۆتە ٧٣ ملیار دۆلار»! عێراقێکی پڕ لەسامانی نەوت و غاز دۆخی حکومەتەکەی ئێستا ئاوھابێ، دەبێ خەڵکەکەی لە چ گوزەرانێکدا بێت!
ھەر ئەوەش نییە ئێستا ئەم وڵاتە بەرەو تاریکی دەڕوات، واتە قەیرانی زۆر گەورە بەرەو پیری دێن.. بۆ نمونە کەرتی کارەبا، لە پاشەکشەیەکی زۆر خراپدایە، بۆ چارەسەر ناچار دەبێ وڵاتێک پەلکێش بکات بۆ دابینکردنی کارەبا، ئەوەش قەبارەی قەرزەکەی زۆر زیاتر دەکات!
جیا لەمەش عێراق بەرەو وشکبونێکی مەترسیدار دەڕوا! کەمی ئاو، لە ئایندەیەکی نزیکدا بینەقاقای دەگرێت، بەم رێگەیەش ناچاری ئاوکڕین دەبێ لە تورکیاو ئێران، کە ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاوی جدییان گرتۆتەبەرو بەنداوی وشککردنی ئاوی عێراقیان دروستکردوە!
ئەم بێ ئاوییە کە دەسەڵات ھیچ پڕۆژەو دنیابینییەکی بۆی نەبووە، کێشەگەلێکی تر بۆ ئەم وڵاتە قوت دەکاتەوە، بەھۆیەوە کەرتی کشتوکاڵیشی دادەڕمێ و دەبێتە بازاڕی ساغکردنەوەی کشتوکاڵی وڵاتانی دراوسێی و ئاستی ھاوردە زۆر زیاتر دەبێ.. بەوەش ناوەستێ ئەم وڵاتە دوچاری زۆر ملکەچبونی دیکە دەکات، دیارترینی لێسەندنەوەی مەلەفی نەوت لەدەست عێراق یان وەرگرتنی نەوتەکەیان بە کەمترین نرخ بەھۆی قەرزو خۆبەدەستەوەدانی بۆ ئاو! وردە وردە سیادەی نامێنێ و لەدەستیان دەدات.
کەواتە عێراق نەک ھەر خاوەنی کشتوکاڵ و کارەبای خۆی نابێت، بەڵکو خاوەنی نەوت و ھیچ پیشەسازییەک نابێت و حوکمداریش لەدەست دەدات!.
ئەمانەی باسمکرد رەنگە تەنھا بە پوچ بونی ئایندەی ئەم وڵاتەوە نەوەستێ، بەڵکو ئەگەری ئەوەش ھەیە بەھۆی ھەڵئاوسانی قەرزەکانییەوەو نەدانەوەی، وڵاتەکە بدرێت بەدەستەوەو پارچە پارچە بکرێت!.