ئێرانییەكان چیان بە نەوشیروان مستەفا وت

ئەرسەلان باییز


06/06/2021

  # دوای ئەوەی سوپای شۆڕشگێڕی ڤیەتنام چەندین گورزی كوشندەیان لە سوپای داگیركەری ئەمریكا وەشاند. ئەمریكاییەكان ناچار بوون بڕیاری گفتوگۆ لەگەڵ شۆڕشگێڕەكان بدەن. بۆ ئەو مەبەستەش داوای شاندێكی ڤیەتنامیان كرد، دواتر شاری پاریس دیاری كرا بۆ دانیشتن و گفتوگۆ لە بارەی چۆنیەتی وەستاندنی شەڕ.
# ڤیەتنامیەكان بە مەبەستی ئەو دانیشتنە شاندێكی چوار كەسی، دوو ژن و دوو پیاویان ناردە پاریس. پێشتر هەواڵگری ئەمریكا بەرزو جوانترین هۆتێلی پاریسیان بۆ دابین كردن، لەگەڵ هەموو پێداویستیەكانی ژیانی سەردەم لەو شارەدا. كاتێ شاندی ڤیەتنام لە فڕۆكە دابەزین، ئەمریكاییەكان دەستیان بۆ درێژ كردن تەوقەیان لەگەڵدا بكەن. ڤیەتنامیەكان بەڕێزەوە پێیان وتن:- هێشتا ئێمە لە شەڕو دوژمنی یەكترین. میللەتەكەمان سەرپشكیان نەكردوین تەوقەتان لەگەڵدا بكەین. كاتێكیش ئەمریكاییەكان هێمای ئۆتۆمبێلە جوانەكانیان بۆ كردن بۆ گواستنەوەیان بۆ هۆتێلە جوانەكان. دیسان ڤیەتنامیەكان ئۆتۆمبێل و هۆتێلەكانیان ڕەتكردەوەو پێیان وتن: ئێمە لە چیاو نێو لێرەوارەكان شەڕی ئێوە دەكەین، لەسەر بەردو گەڵای دارەكان دەخەوین. گیاو بەری درەختەكان دەخۆین. دەترسین لە گۆڕینی ئەو نەریتەمان ویژدانمان بگۆڕین و بە نەریتی شۆڕشگێڕەكان نامۆ بین. كە ویژدانیشمان گۆڕا. دەترسین خاك و وڵاتیشمان بفرۆشین.

   شیاوی باسە شاندە ڤیەتنامیەكە چوونە شارۆچكەیەكی دەوروبەری پاریس و لای یەكێ لە خوێندكارە ڤیەتنامیەكان مانەوە.

# ڕۆژێك لە ڕۆژان لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، ژەنەڕاڵ (جیاب) گەورە سەركردەی سەربازی شۆڕشی ڤیەتنام سەردانی سەركردایەتی ڕێكخراوی شۆڕشگێڕی فەڵەستینی كرد لە یەكێ لە پایتەختەكانی وڵاتانی عەرەب. كاتێ (جیاب) چاوی بەو هەموو ئۆتۆمبێلە مۆدێل بەرزو چروتی كووبی و، بۆنی فەڕەنسی و، جل و بەرگی ماركەكانی ئەوڕوپای بەر سەركردەكانی فەڵەستین كەوت. حەپەسا دواتر لەگەڵ ژیانی ڤیەتنامیە شۆڕشگێڕەكان بەراوردی كرد. ڕاشكاوانە پێیوتن: ئێوە سەر ناكەون. ئەوانیش پرسیان بۆ...؟ (جیاب) وتی: ئێوە ئاگاتان لە ژیانی فەڵەستینیە ئاوارەكانی ئۆردوگاكانی فەڵەستینە كە لە چ ژیانێكی قوڕبەسەری دەژین..؟ ژیانی ئێوەو خەڵكە سادەكەی فەڵەستینە ئاوارەكان ئاسمان و ڕێسمانە، ئێوە زۆر لە خەڵكە هەژارو لێقەوماوەكەی فەڵەستنین دابڕاون. هەر سەركردایەتیەكیش لە میللەتەكەی خۆی داببڕێ سەركەوتوو نابێت.

(2)
# لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، شاندێكی ئێرانی هاتنە سەردانی كوردستان. سەرەتا سەردانی چەندین بارەگاو ماڵی لێپرسراوانی (ی.ن.ك)یان لە سلێمانی كرد. دواتر هاتنە هەولێر. لێرەش بەهەمان شێوە سەردانی چەندین بارەگاو ماڵی لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد. لەكاتی گەڕانەوەیاندا بۆ سلێمانی. لەلای (كاك نەوشێروان) كە ئەوسا دووەمین لێپرسراوی دەست ڕۆیشتوی (ی.ن.ك) بوو وتیان:
- ئەم ئەزموونەی ئێوە دووچاری گرفتی زۆرو گەورە دەبێت.

(كاك نەوشێروان) لێیان دەپرسێ: بۆچی...؟ ئێرانیەكان دەڵێن: ئێوە تەنیا ساڵێكە لە شاخەكانەوە هاتوونەتەوە شارەكان، كەچی خەریكی (ڕەفاهیەتی) ژیانن. ئێمەی ئێرانی چەندین هەزار ساڵە دەوڵەتین. سێ ساڵیش بەسەر شۆڕشەكەماندا تێپەڕیوە. كەچی هێشتا لەسەر بەتانیە ڕەشە شڕەی سەربازی دەخەوین و كۆبوونەوە دەكەین.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
+ بە دەسكارییەوە.
++ مامۆستا بەكر مستەفا لە زمانی كاك نەوشێروان مستەفا دەگێڕێتەوە.