شەڕ و ئاشتیی پارتی و په‌كه‌كه‌

عارف قوربانى


13/06/2021

 

پارتی و پەكەكە وەك دوو هێزی سیاسی و سەرەكی لە ئاستی كوردستانی گەورە، جیاواز لەوەی هەریەكیان نوێنەرایەتیی پارچەیەكی دیاریكراوی كوردستان دەكات، بەڵام هەردووكیان لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیشدا لق و پۆپ و حیزبی وابەستە و گرێدراو بە ستراتیجی خۆیان هەیە. ئەمەش وایكردووە بەشێوەی راستەوخۆ هەردووكیان بوونەتە  لایەن لە كێشەی هەریەك لەو بەشانەی دیكەی كوردستان و لێكەوتەی ئە‌و بە تەرەفبوونەش كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان خۆیانی قووڵتر كردووەتەوە. بۆیە هیچ كات پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو حیزبەی كوردستان دۆخێكی سەقامگیری نەبووە.
 
سەرباری ئەوەی چەند جارێك گەیشتووەتە ئاستی بەریەككەوتن و خوێنیان لەنێوانیاندا رژاوە، بەڵام لە هەندێ‌ قۆناخیشدا بەسەر ئەو كێشانەدا زاڵ بوون و هاوكاری و هاوئاهەنگی لەنێوانیاندا هەبووە. جیا لەو رێككەتنە مێژووییەی نێوانیان له ‌سەرەتای سەرهەڵدانی خەباتی چەكداری لە باكووری كوردستان، لە شەڕی داعش و دروستبوونی مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستانیش گەریلاكانیان شانبەشانی پێشمەرگەی باشووری كوردستان لە سەنگەری بەرگریدا بوون. تەنانەت دوای هێرشەكانی 16ـی ئۆكتۆبەریش كاتێك سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنان دەیانویست لەنێو خاكی سووریاوە بچنە پێشخابوور، پەكەكە رێگری لێكردن و رێگەی نەدا گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان تووندتر بكرێن‌.
 
مەبەستمە ئەوە بڵێم لەگەڵ بوونی كێشە و ناكۆكییەكان، پەكەكە لە ساتە هەستیارەكاندا هاوكاریی باشوور و تەنانەت پارتیشی كردووە. رەنگە ئە‌مەش بەشێكی گرێدراوی ئەو پێشینانه ‌بێت كە له ‌دروستبوونی پەكەكەشدا لەلایەن پارتییەوە هاوكاری كراون و لە قۆناخەكانی پرۆسەی ئاشی نێوخۆی توركیاشدا شانبەشانی مام جەلال، كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەستێكی له ‌پشت پرۆسەی ئاشتی‌ بووە. كەواتە ئە‌گەر ئەم هێزانە چەند ناكۆكیش بن، كێشه ‌و ململانێیەكانیان بگاتە ئاستێكی زۆر خراپیش، پێویستە ئە‌وەیان لەبەرچاو بێت كە لە رابردوودا بەكەڵكی یەكدی هاتوون و بۆ داهاتووش پێویستیان بە یەكدییە. ئە‌گەر لەم گۆشەیەوە بڕوانینە هەر ئە‌گەر و پێشهاتێك كە ناكۆكیی و كێشەكانیشیان قووڵبكاتەوە، كورد واتەنی دەتوانن (نەیگەیێننە مریشكە رەشە). پێویستە هەمیشە ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە سەرباری ئەو هاوبەشییانەی رابردوو، چارەنووسی كورد هەمووی پێكەوە گرێدراوە، واتە بۆ داهاتوویش مان و نەمانمان پێكەوە بەستراوە.
 
ئەوەی لێرەدا بە گرنگی دەزانم، جیاواز لەو هەموو خاڵە هاوبەشەی وەك نەتەوەیەكی چەوساوه ‌و خاك داگیركراو،  هاوچارەنووسیی پێكەوەمان دەبەستێتەوە، لەگەڵ هەمو ئە‌و ناكۆكی و جیاوازییانەی ئێستا لەنێوان پارتی و پەكەكەشدا هەن‌، لە سەرهەڵدانی ئەم خولە‌ تازەیەی ناكۆكیی و ململانێیەكانیان كە گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك و ئە‌گەری بەریەككەوتن له ‌هەموو ئە‌گەرێك لەپێشترە، یەك خاڵی گرنگی هاوبەش هەیە كە دەبێت ئە‌م دوو هێزە ئە‌مە بكەنە جەمسەری كێشەكانی ئە‌م قۆناخە و بیكەنە هەوێنی چارەسەر بۆ كێشەكانی دیكەیان، هاوكات‌ ببێتە سەرچاوه ‌و زادەی لێكتێگەیشتنێكی تازە لەنێوان پارتی و پەكەكه ‌و ئەگەری بەریەككەوتنی چەكداری بۆ هەمیشە دووربخاتەوە. ئەویش ئە‌وەیە كە بۆ یەكەمجارە پارتی مەترسی ئەوەی خستووەتەڕوو كە ئە‌م جێگیركردنە بەرفراوانەی هێزە  پرۆسەیەكی داگیركارییە و ئامانج لێی داگیركردنی ناوچە ستراتیجییەكانی باشووری كوردستانە.
 
پەكەكە زۆر لەمێژە بۆ وەڵامی ئەوانەی پێیان وایە (توركیا بەهۆی پەكەكەوە هێز دەهێنێتە باشوور و ئە‌گەر پەكەكە لێرە نەبان ئە‌وە توركیا سنووری نەدەبەزاند)، هاوار دەكات كە ئە‌وە خوێندنەوەیەكی دروست نییە، پەكەكە وەك پاساو و بیانوویەكی رووكەشی ستراتیژی تازەی توركیایە، ئە‌گینا حەقیقەتەكە پرۆسەی داگیركردنی باشووری كوردستانە.
 
لە رووداوەكانی پەیوەست بە جوڵەی هێزی پێشمەرگە بۆ چیای مەتین و شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە كە هێشتا روون نەبووەتەوە ئایا توركیا شەهیدی كردوون یان پەكەكە، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە، ئەگەرچی لێرەشدا هەر ئۆباڵەكە دەخاتە ئەستۆی پەكەكه و پێیوایە هۆی هەموو ئەو نەهامەتییە پەكەكەیە‌، بەڵام لە بەشێكی راگەیێندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا كە رۆژی 6ـی حوزەیران بڵاوكراوەتەوە هاتووە "پەكەكە بەمەبەست و دەستی ئەنقەست شەڕی لەگەڵ توركیا گواستووەتەوە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و به ‌پیلانێكی دانراو شەڕ دەكات و ناوچەكان بۆ سوپای توركیا بەجێدەهێڵێت تاوەكو خاكەكەمان بەداگیركردن بدات."
 
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو دەربڕینە تازەیەیە كە مەكتەبی سیاسیی پارتیش پێیان وایە هاتنی سوپای توركیا ئیتر بەهەر هۆكارێكەوە بێت بۆ داگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستانە. لێرەدا كێشە نییە كە پارتی راستەوخۆ كێ‌ به ‌بەرپرسیار بزانێت لە بیانووی داگیركارییەكە، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا بە پرۆسەی داگیركردن دەبینێت. كەواتە دوای ئە‌م بەیاننامەیە دەبێت چاوەڕوانییەكان لە ئە‌گەری بەریەككەوتنی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و هێزی پێشمەرگەوە بگۆڕین بۆ پێشهاتی دیكە، چونكە مەبەست لەو پرۆسەیە دەستگرتنە بەسەر هەرێمی كوردستاندا.
 
لە هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی پێشووترمان هەیە، كاتێك داعش گوندی بەشیری توركمانی شیعەنشینی لە نزیك كەركووك داگیركرد، بەدرێژایی ماوەیەكی زۆر ئەو گوندە به ‌داگیركراوی مایەوە، عێراق رێگەیان نەدەدا پێشمەرگە گوندەكە رزگار بكات، چەند مانگ جارێكیش حەشدی شەعبی هێرشێكی رووكەشانەیان بۆ دەكرد و دەشكان. رزگاركردنی بەشیر وەكو مەتەڵی لێهاتبوو، چونكە ئامانجەكە رزگاركردنی بەشیر نەبوو، بەڵكو هێشتنەوەی بەشیر بەدەستی داعشەوە بۆ رەوایەتیدان بوو بۆ هێنان و ‌جێگیركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك. 
 
كەواتە پێویستە لە پشتی رووداوەكانەوە كەناڵی گفتوگۆ بكرێتەوە لەنێوان هەموو لایەنەكاندا‌ بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی هاوبەش، بۆ ئە‌وەی رێگە لەم داگیركارییە بگیرێت. ئە‌وەی پێویستە لە هەنگاوی یەكەمدا دوورخستنەوەی هێزی چەكدارە له ‌یەكدی بۆ دەستەبەری دڵنیایی لە دروستبوونی شەڕ لەنێوانیان، بۆ ئە‌وەی رێگە لە هەڵه ‌و ئە‌گەری ئە‌و گومانانەش بگیرێت كە دوور نییە هەبن لەنێو هەردوولادا. ئە‌وەی لەسەر پارتی پێویستە ئە‌وەیە كە لەبری هێزی پێشمەرگە، هێزی پاسەوانی سنووری عێراق كە چەند فەوجێكیان كوردن، ئە‌وان بهێندرێنە ئەو ناوچانەی ئە‌گەری بەریەكەوتنیان لێدەكرێت. پەكەكەش پێویستە له ‌هەندێك‌ ناوچە كە ئە‌گەری بەریەككەوتنیان هەیە دووربكەوێتەوە، وەك چۆن لەپێناوی سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی له ‌توركیا چەندین ساڵ تفەنگەكانیان بێدەنگكرد و تەنانەت خاكی باكووری كوردستانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەجێهێشت و هاتنە باشووری كوردستان. ئێستا لەپێناوی دووركەوتنەوە لە ئەگەری بەریەككەوتن لەگەڵ هێزی باشووری كوردستان، بچنە شوێن و هەندێ‌ لووتكە و دامێنی هەندێ لووتكە شاخی دیكە‌. ئەمە وەك قۆناخێكی راگوزەر تاوەكو هاقڵمەندانی نێوان هەردوو حیزبەكە و خەمخۆرانی دیكە لە دەرەوەی هەردوولایان، تەگبیرێكی گونجاوتر بۆ خەبات و قۆناخی داهاتوو دەدۆزنەوە.