شێر و خەتى پشکنینى نەخۆش

کۆچەر عەزیز


10/01/2022

شەوانە لەنەخۆشخانەیەکى هاوشێوەى شار یان ڕزگارى هەولێر، لە ٢٤ کاتژمێردا ٥٠٠ بۆ هەزار پشکنین بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت ئەگەر شەوێکیش قەرەباڵغ بێت دەچێتە سەرو هەزار پشکنین، بەشێكی زۆریان پشكنینەکان (crp, cbc, gue)واتە پشكنینی رێژەی خوێن و میز و هەوکردن، كە نیوەی زیاتر ئەنجامەكان نۆرماڵن واتا ئەو هاوڵاتیانەی پشكنینەكەیان بۆ ئەنجامدەدرێت، كێشەیان نیە.

لەوەرزێکى وەکو ئەم وەرزەدا، چەندین جار لە بەشێك لە پزیشكەكانم پرسیووە حاڵەتی نەخۆشەكان چییە؟ وەڵامەكە ئەوەبووە زۆربەی لەرز و تاو هەڵامەت و ئازاری ناوسكیان هەیە كە پێدەچێت هۆكارەكەی تەنها گۆڕانی کەشوهەوابووبێت، وای لە نەخۆشەكان كردووە بێنە نەخۆشخانەكە.

بەڵام دەكرێت بپرسین ئەو هەموو پشكنینیە بۆچی و كێ دەینوسێت؟ ئایا پێویست دەكات ئەو هەموو پشكنینانە بكرێت، یان دەبێت بەپێی حاڵەت و ئازاری كەسەكە دەستنیشانی بكەیت كە چ پشكنینێك بۆ ئەم نەخۆشە گونجاوە، نەك ژمارەیەك پشكنینی زۆری بۆ بنوسیت بۆئەوەی كە ئەمەیان نەبوو ئەوەیان دەربچێت و وەك شێر و خەت وابێت. دواتریش دەبێت ئەوەش لە یاد نەكەین پشكنینی زۆر دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زۆری دەرمان و كەمبوونەوەی پێداویستی و كەلوپەل لە نەخۆشخانەكان.

ئەمەی باسم كرد لە تەواوی هەرێمی كوردستان لە زۆربەی كەرتە حكومییەكان وایە بەتایبەت نەخۆشخانەكان، بۆیە پێویستە ئەو پزیشك و موقیمانەی لەو نەخۆشخانە گشتییانە دادەنرێن لە كاتی ئێشكگریدا كەسانێك بن ئەزموونیان هەبێت كە بە پێی حاڵەتەكان پشكنین و دەرمان بۆ نەخۆش بنوسرێت.

یاخود لێپرسینەوە بكرێت كە كارەكان چۆن دەكرێت و لەسەر چ بنەمایەك پشكنین دەكەن و دەرمان بۆ نەخۆشەكان دەنووسرێت.

لە لایەكی دیكەشەوە ئەوەمان بیر نەچێت لەسەدا ٥٠ی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە خەڵك خۆی هۆكارە نەك پزیشكەكان، چونكە هەندێك جار هاووڵاتی بۆ ئازارێكی سوك سەردانی نەخۆشخانە دەكەن كە رەنگە تەشەنوجاتێك یان سەرمایەكی كەم بێت، ئەگەر پزیشكەكە حەبێك یان دەرزییەكی ئازار شكێنی بۆ بنوسێت كە ئەوەندە بەسە یاخود زۆرجار هەر پێویستیش ناكات كە دەرمانی بۆ بنوسرێت یان پشكنینی بۆ بكرێت، نەخۆشەكە دەڵێت، شەڵا نەهاتمایە خۆ لە ماڵەوەش ئەمەمان هەبوو، ئەم حاڵەتە رۆژانە زۆرجار دێتە بەر گوێمان كە زۆرجار نەخۆشەكە ئەگەر پشكنینی زۆر یان دەرمانی زۆری بۆ نەنوسیت راستەخۆ دەڵێت "جا توخوا ئەوە پزیشكە من زیاتری لێدەزانم."