خەوی سەركردەكان و ڕووخانی ئیمپایەرەكان

بڵێسە جەبار فەرمان


29/06/2022

ئەو خەوەی رێڕەوی مێژووی گۆڕی
خەونی گەورەی ھیتلەر بە خەوی خۆی لەناو چوو.
رایخی سێیەم یەكێك بوو لە ئیمپایەرە ھەرە گەورەكانی مێژووی نوێ.

ئەم ئیمپایەرە چەندەھا وڵاتی لە خۆ گرتبوو. نوێترین چەكی ئەو سەردەمەی ھەبوو،ھاوڵاتیانی ئەوكاتی ئەڵمانیا بە ئایدۆلوجیەتێكی بەھێزەوە بۆ وڵاتەكەیان دەجەنگان.
خەونی ھیتلەر دروست كردنی وڵاتێكی بەھێزی ئەڵمانی بوو  لەھەمانكات دا كۆلۆنیاڵی چەندەھا وڵات بێت. رەچەڵەكی ئاریا زاڵ بكات بەسەر ھەموو رەچەڵەكەكانی تردا.
ھیتلەر توانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا تا باكوری ئەفریقاو بەشێكی زۆری خاكی روسیاش داگیربكات.

زۆرێك لەو بڕوایەدان كە ھیتلەر كاتێك بەرەو روسیا بەڕێكەوت بەو رۆشتنە روخانی ئیمپایەرەكەی خۆی واژوو كرد. بەڵام لە راستی دا گەر ھیتلەر بیتوانیایە لە شەری نورماندی سەركەوتووبێت ھەرگیزو بەو خێراییە شكستی نەدەھێنا.٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا گەورەترین شەڕ دەستیپێكرد كە مێژوو تا ئەوكاتە شەڕی وای بەخۆیەوە نەیبینیبوو. 
ئەم رۆژە لە مێژوو دا بە D-Day ناودەھێنرێت.

لە ١٩٩٤٤/٦/٦سەربازەكانی ھاوپەیمانی ئەوكاتی دژ بە رایخی سێیەم لە سەعات ٤ بەیانی لە كەنارە ئاوەكانی وڵاتی فەرەنسا لە نۆرماندی دەستیان بە ھێرش كرد.بەشێكی زۆری سەربازانی ھاوپەیمانان لە فڕۆكەوە بە پەرەشوت خۆیان ھەڵدایە خوارەوە. سەربازە ئەڵمانیەكان باس لەوەدەكەن كە ئاسمان لەبەر پەرەشوتی سەربازان رەشیكردۆتەوە.لە لایەكی تریشەوە بە بەلەمی جەنگی بچوك سەربازەكان لە كەشتیە سەربازیەكانەوە دەگوازرانەوە بۆ كەنار دەریا. زیاتر لە١٥٦،٠٠٠ سەرباز لەو رۆژەدا گەیشتنە كەنارەكانی نۆرماندی. ٧٠٠٠ كەشتی لەو ھێرشەدا بەژدار بوو ھەروەھا ١١،٥٠٠ فڕۆكە..‏ "OK, leat's go" بەم رستەیە ئایزنھاوێر "Eisenhower" سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا ھێرشەكانی نۆرماندی دەستپێكرد.

 

سەربازە ئەڵمانیەكان لەناو سەنگەرەكان خۆیان حەشاردابوو، چەكی قورسیان پێ بوو بۆ رووبەرووبونەوەی سەربازانی ھاوپەیمان. ھاوپەیمانەكان كە لەئاسمانەوەو لە دەریاوە دەگەیشتنە كەنار دەریا دەرفەتی خۆ حەشاردانیان نەبوو.بەو جۆرەش رووبەرووی فیشەكی ئەڵمانەكان دەبوونەوە.ئەڵمانیا تازەترین جۆری زرێپۆشی ھەبوو ئەم زرێپۆشانە لە ژێر فەرمانی راستەوخۆی ھیتلەر بوون.

لەگەڵ دەستپێكی ھێرشەكان فەرماندە ئەڵمانیەكان داوای روخسەتی بەكارھێنانی زرێپۆشەكانیان كرد. بۆ ئەو مەبەستەش چەندەھا بروسكەیان كرد بۆ نوسینگەی ھیتلەر.
لە بروسكەكاندا داوای دەستبەجێ بەكارھنانی زرێپۆشەكانیان دەكردو لە ئەگەری بەكار نەھێنانیان مەترسی بە دۆڕانیان دەخستە روو.بەڵام لەو كاتەدا كە بەرەبەیان بوو ھیتلەر لەخەوێكی قوڵدا بوو.ھیچ كەسێك بوێری بەخەبەر ھێنانەوەی ھیتلەری نەدەكرد.

سیڤین ئمبروز مامۆستا لە زانكۆی نیوئۆلنز لە بابەتێكی دا بە ناوی ساحلەكانی ئۆماھا باس لەو خەوی ھتلەرو گۆڕینی رێرەوەی مێژوو دەكات.
جیھانی ئەمڕۆ بە چ چەشنێك دەبوو گەر ئەڵمانیا جەنگی جیھانی دووەمی ببردایەتەوە. گەر یەكێك لە ھاوكارەكانی ھیتلەر بوێری لە خەو ھەڵسەتاندنی ھیتلەریان ھەبوایا.
گەر ھێزی ئەڵمانیا زرێپۆشەكانی بەكار بھێنایە ھاوكات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازانیان لە سەنگەرەكانیانەوە ئەوا ھەرگیز ھێزی ھاوپەیمانی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و كەنەدا نەیدەتوانی پێ بخاتە سەر كەنارەكانی نۆرماندی.

ئەوە دەستپێكی شكستی سەربازی رایخی سێیەم بوو.خەونی گەورەی ھیتلەر بە خەوی خۆی لەناو چوو.ھەموو رووداوێكی مێژوویی وانەیە و دەبێت دەرس لێوەربگیرێت.
لەم باسە مژووییەوە دەمەوێت وێنەی رووداوەكانی مێژوو بگوێزمەوە بۆ كوردستان و باسی لای خۆمان بكەم.

لەم ھەرێمەی ئێمەدا زۆرێك لە سەركردەكان لە ناو كۆشكەكانیاندا خۆیان حەشار داوەو دابڕاون و  بەئاگا نین لە كێشە و گوزەرانی خەڵك.ئەوان لە خەوی غەفڵەتدان و كە بەخەبەریش دێن،  دروشمی بێ عەمەل و كۆن دەفرۆشنەوە بە میللەت، ئەوان بێ ئاگان لەوەی ئاسۆی  ھاوڵاتیان بە سەدان قەیران تاریك بووە.

ھاوڵاتیان لەتاو قەیران و نادادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامان چیتر لە سەنگەری پاراستن دا نابن.دروستكردنی دوژمنی وەھمی بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەركردنی قەیرانەكان، قەیرانەكان زیاترو زۆرتر ئەكات.

كوردستان لە دۆخێكی قورس و سەختایە دۆست بەدەست ئەزمونەكەوە نەما چونكە دیموكراتیەت پاشەكشەی كردو گەندەڵی زیاتر بوو، ژیانی ھاوڵاتیان خراپتر بوە. ھیوای گەنجەكانی بە ھەرێم زۆر زۆر دابەزیوەو تا ئاستی نەمان. 

بڕیار بەدەستانی كوردستان یان خەوتون و یان خۆیان بێ خەبەر دەكەن لە بارودۆخی سیاسی ئەزمونی كوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان.
یەكێكی بوێرو زەنگێكی بەھێز پێویستە كەسەركردەكان لەخەو ھەستێنێت پێش داڕمانی تەواوەتی ھەرێم.