دیموكراسی وەك چەمك

بڵێسە جەبار فەرمان


09/10/2022

دیموكراسی وەك چەمك و هەم وەك مانا پێناسەی زۆری بۆ كراوە، بە شێوە سادە و ساكارەكەی یا بە وەرگێڕانی دەستەواژە بنەڕەتییەكەی كە وشەیەكی لاتینییە و بەمانای هێزی گەل دێت. لە شوێنی تردا بە مانای فەرمانڕەوایی گەل و حوكمی زۆرینە دێت. پاراستنی مافی كەمینە، بەڵام دیموكراسی لە جەوهەردا بە مانا دروستەكەی مسۆگەركردن و پاراستنی مافی كەمینەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و پرەنسیپەكانی حكومڕانیدا خۆی بەرجەستە دەكات.

لە حەقیقەتدا دیموكراسی تەنیا حوكمی زۆرینە نییە، دیموكراسی بە واتای پێشێل نەكردنی مافی ئەوانی تر دێت. پڕۆسەیەك نییە كە تێیدا ئەو زۆرینەیەی لە پڕۆسەیەكی هەڵبژاردندا بۆ نوێنەرایەتیكردنی دیموكراسیانە دەنگی هێناوە مافی ئەوانەی تر نادیدە بگرێت، یا زەوت بكات. واتا 51٪ی ئەو خەڵكەی لە رێگەی پڕۆسەیەی هەڵبژاردنی بەناو مەدەنییەوە مافی 49٪‏ ی خەڵكەكەی تر پێشێل بكەن.

بۆ نموونە ئەگەر ئەم لۆژیكە كرایە بنەمای حكومڕانی و دیموكراسیانە رۆڵ ئاراستە نەكرا، پەرلەمان كە شوێنی نوێنەرایەتی گەلە هەر خودی ئەو دەزگایە بەر لە دەزگاكانی تر، دەبێتە دیكتاتۆریەتی پەرلەمانی. ئەو كاتە نەك پەرلەمان ترسی ستەمكاری ناڕەوێنێتەوە، بەڵكو خۆی دەبێتە دەزگای سەرهەڵدانی ئەو ستەمكارییە و بەشێك دەبێت لە جێبەجێكەری ستەم. لە مێژووی دوور و نزیكدا لە سایەی پەرلەمانە هەڵبژێردراوەكانەوە، زەوتكردنی ئازادی و پێشێلكردنی ماف زۆر كراوە.

ئەم ئیشكالییەتە بۆتە جێی جەدەل،  لە سەرەتاكانی شۆڕشی فەرەنسی و بەریتانیای لانكەی پەرلەمان و سیستمی پەرلەمانی تا دەگاتە ترۆپك، لە ئەڵمانیای سەردەمی حكومڕانی هیتلەر كە بە پەیژەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە هات و لە پرەنسیپەكان لایداو جڵەوی حكومڕانییەكی مرۆڤ قڕكەری پیادەكرد، هەر هەبووە و هەیە.

دیموكراسی ئامانجە؟

هەندێك وا شرۆڤەی دیموكراسی دەكەن كە گوایە ئامانجە، ئەم تێگەیشتنە تەواو هەڵەیە چونكە دیموكراسی هۆكارێكە بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵای مرۆڤ. هەر لە بەدیهێنانی ئازادی و پاراستنی مافە گشتی و تایبەتییەكان، بۆ دادگەری و میكانیزمەكانی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە شێوازی مەدەنی و چالاكی مەدەنی كەواتە هۆكارە نەك ئامانج. حكومڕانیی گەلیش بەمانای ئاراستەكردنی كۆمەڵگا بەرەو دادپەروەریی، كۆتاییهێنان بە ناسەقامگیریی دووركەوتنەوە لە ململانێ ناسیاسییەكان دێت. 

ئەزموونەكانی دیموكراسی سەلماندویانە بە گەڕانەوە بۆ گەل بەهێزترین سەرمایەی حكومڕانییەكی باش و دەوڵەتداری مۆدێرن بەدەست دێت. بانگەشی بۆ دەكەن و لێشی تێناگەن.

لە ئاستێكی تردا سەختترین دۆخ ئەو كاتەیە كە تێنەگەیشتووەكان و ئەوانەی لەناخ و هزریاندا پەروەردەی دیموكراسیانەیان وەرنەگرتووە دێن و بانگەشەی دیموكراسی بكەن، یاخود خۆیان ببنە حكومڕان بە میكانیزمەكانی دیموكراسی و خۆیان لەگەڵ بەهاو پرەنسیپەكانی داپەروەر نەبن! زۆرێك هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی بە پێوەر دەزانن بۆ دیموكراسی، ئایا ئەمە راستە؟ گەر تەماشای روسیا بكەین، ئەوا دەبینین كە چەند ساڵ جارێك هەڵبژاردنی تێدا دەكرێت و پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتێكی تاكڕەوە و رێز لە فرەیی و بۆچوونی جیاوازو رێز لە  ئۆپۆزسیۆن ناگرێت.

با بێین و بەراوردێكی توركیای بەناو دراوسێ بكەین بە وڵاتێكی دیموكراسی، ئەوا دەبینین لە توركیا بەهەمان شێوەی وڵاتانی دیموكراسی هەڵبژاردن دەكرێت و پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. دواتر لە ناو پەرلەمانەوە حكومەت رادەسپێردرێت و هاوشێوەی میكانیزمەكانی وڵاتانی دیموكراسی. توركیا خاوەنی دەستوورە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا حكومەتی توركیا زۆر دوورە لە حكومڕانییەكی دیموكراسی.

كەواتە لێرەدا ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێ، ئایا دیموكراسی بێجگە لە هەڵبژاردن و پەرلەمان و دەستاودەستكردنی دەسەڵات پێویستی بە چەمكی تر هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە كۆتایی نووسینەكەدا هەیە.

دیموكراسی و رەچاوكردنی نەریتەكان

زۆرێك لەو بڕوایەدان كە دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دیموكراسی رەچاوی دابونەریت و ئاینی ئیسلام بكات وەك ئاینی زۆرینەی كۆمەڵگە، كە سیستمی دیموكراسییان بەتەواوی جومگەكانیەوە بە مەفهومە خۆرئاواییەكەی لا گونجاو نییە، كە زۆرینەی دانیشتوانیان مسوڵمانن. بەڵام ئایا ئەگەر هات و سیستمی دیموكراسی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و لەگەڵ واقیعی كۆمەڵایەتی و ئایینی و كەلتوری گونجێندرا یان بەتایبەتتر ئایین و دابونەریت رەچاوكران، دەكرێت هەر ناوی بنێین سیستمی دیموكراسی؟ یان خەسڵەتەكانی دیموكراسی لەدەست دەچن؟ بۆچوونم وایە ئایین لە سایەی حكومڕانی دیموكراسیدا بەهاكانی پارێزراو دەبن و پێگە و سەروەتە رۆحییەكەیان لای باوەڕدارەكانی وەكو ئەوەی پێویستە دەمێننەوە.

بەڵام ئیشكالێكی تر هەیە گروپە سیاسییە ئاینییەكان، یا گروپە نا دیموكرات و فەندەمێنتاڵەكان، دەتوانین وەك دیارترین بەدبەختییەكانی مرۆڤایەتی بیبینین ئەویش گرفتێكی بونیادیە، ئەویش ئەوەیە كە هەموو نا دیموكرات و ستەمكارەكان هەوڵ دەدەن ئایینی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنن، ئایین وەك بەشێك لە پڕۆسەی داگیركردن و لێ سەندنەوەی ئازادی ئەوانەی تر بەكار دەهێنن، بەمەش توندوتیژی سەر هەڵدەدات بەریەككەوتنی ناجۆر دێتە ئاراوە.

كۆمەڵگەی عەرەبییان بۆ دواوە برد

هەندێك وڵاتانی عەرەبی دوای بەهاری عەرەبی سەرلێشێوانێكیان بەخۆیانەوە بینی. نەیانتوانی هاوكێشەیەكی تەندروست لە نێوان دیموكراسی و شارستانیەت و كەلتورە جیاوازەكاندا دروست بكەن. ئەمەش بووە هۆی گەشەكردنی رەوتی توندڕەو و توندوتیژ.

لەژێر دروشمی تایبەتمەندی شارستانیەتی عەرەبی یان ئیسلامی لە چوارچێوەی سیستمی دیموكراسیدا، كۆمەڵگایان بۆ دواوە بردەوە. لە كاتێكدا هیچ تایبەتمەندییەكی یەك لایەنە بۆ هیچ گەلێك و گروپێكی دیاریكراو نییە.

دیموكراسی بە چەمكە خۆرئاواییەكەی لە واقیعدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی وڵاتی عەرەبی سەركەوتوو نەبووە.

دیموكراسی بۆ هەموان دەست دەدات، سیستمی دیموكراسی وەكو خۆی سیستمێكە بۆ وڵاتێكی بودیستی وەكو ژاپۆن هەتا وڵاتێكی كاسۆلیكی وەكو بەرازیل و وڵاتانی لیبراڵی ئەوروپا، وڵاتی فرەنەتەوە و رەگەزی جیاوازی وەكو ئەفریقای باشوور دەست دەدات بەو مەرجەی هەموو جومگەكانی وەكو خۆی جێبەجی بكرێت، كە گرنگترینیان بوونی دەستوورێكی لیبراڵی تەوافقی مەدەنییە.

كەواتە ئەو جومگانە چین كە دەبێت بۆ سەركەوتنی پڕۆژەی دیموكراسی رەچاو بكرێن؟

چەند خاڵێكی سەرەكی هەن كە بە بڕوای من گرنگترینیان:

1- داڕشتنی دەستوورێكی تەوافوقی.

2- رێزگرتن لە بەهاكانی مافی مرۆڤ وەك لە نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە.

3- دواجار بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی بەهێز.

4- بوونی دامودەزگای موئەسەساتی و جیاكردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان و جێبەجێكردن. پێویستە هەموو دەسەڵاتێك لە دەسەڵاتەكان لە سنوورێكدا بەهۆی هێزی دەسەڵاتێكی ترەوە رابگیرێت، بەجۆرێك ئەو دەسەڵاتە نەتوانێ تواناكانی خراپ بەكاربهێنێ ئەو دەسەڵاتە پیادە بكات. پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە حكومڕانی دیموكراسیدا بنچینەیەكی نەگۆڕە بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لای دامەزراوەیەك یان سەرۆكی دامەزراوەیەك كۆ نەبێتەوە.

5- رەچاوكردنی مافی پێكهاتە یا كەمینەكان بە دەستوور رێكدەخرێن

دەستوور، وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی، پێویستە بە رەزامەندی هەمووان بێت، نەك تەنیا ببێتە یاسای زۆرینەی دەسەڵاتدار.

دەستوور دەبێت گوزارشت لە تەواوی رەنگەكانی كۆمەڵگا و پێكهاتەكانی خەڵك بكات، بە بۆچوونە جیاوازەكان و فرەچەشنی كەلتوری و نەتەوەیی و زمانەوانییانەوە.

رێزنەگرتن و بەهەند وەرنەگرتنی ئەو  جیاوازییە كەلتوری و ئاینی و نەتەوەییانە، دەستوور دەكاتە بنەمای ئامرازێك بۆ ئەوەی زۆرینە، سیاسەت و بڕواو بیروبۆچوونی خۆی بەسەر كەمایەتییەكاندا بسەپێنێت. ئەمەش بەر لە پێشێلكارییەكانی تر پێچەوانەی ئاشتی كۆمەڵایەتییە كە ئامانجی دیموكراسییە.

گونجاندنی دەستوور لەگەڵ خواستی هەموان، واتە رەچاوكردنی رەوتی فیكری و سیاسی و كەلتوری لەناو كۆمەڵگەدا و نەهێشتنەوەی كۆمەڵێك كەس لە پەراوێزی دەوڵەتدا، ئەم كۆدەنگییە دەخرێتە بەردەم خەڵك بۆ پەسەندكردنی بە ریفراندۆم. مەرجی دەستووری گونجاوە بۆ پیادەكردنی حكومڕانی دیموكراسی.

مەبەست لێرەدا وڵاتێكی دیموكراسیخوازی خاوەن فرە ئایین و مەزهەب ناگونجێ دەستوورێك دابنێت كە رەهەندێكی ئایینی تەنیای هەبێت. فرەیی ئایین و بیروباوەڕی جیاوازی هاووڵاتیان دەبێت خۆی لە دەستووردا ببینێتەوە، هەربۆیە ناتوانرێت دەستوورێك دابڕێژرێت كە ناسنامەی نەتەوەیی یاخود ئایینی پێناسە بكات.

لەم حاڵەتدا چەمكی هاوڵاتیبوون بكرێتە بنەما بۆ ناساندنی هاونیشتمانی و هاووڵاتی بەشێكی زۆر لە گرفتە كەلتورییەكان بە یاسای بنچینەیی دەسڕێتەوە.

دەستووری تەوافوقی
لەم روانگەشەوە بۆ دەستوور چەمكێكی تر دێتە پێش، ئەویش دەستووری تەوافقیە. 
دەستووری تەوافوقی، رێزگرتنە لە مافە نێودەوڵەتییەكان. دانپێدانە بە مافی مرۆڤ و یەكسانی نێوان ژن و پیاو، مافی منداڵان، مافی كەلتوری كەمینەكان، رێزگرتن لە مافی پەنابەری و كاری بیانی و چەندینی دیكە.

دەستوورێك  كە بە تەواوی لەگەڵ بەهاكانی مافی مرۆڤدا هاوئاهەنگ بێت، ناتوانێت مادەی دژایەتی ئەم بەهایانە لەخۆبگرێت و ئەمانە بناغەی هەر دەوڵەتێكن كە بەدوای سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت.

دیموكراسیی تەوافوقی، چەمكێكی نوێیە و لە وڵاتە تازە پێشكەوتووە، فرە نەتەوەكان پەیڕەو دەكرێت و بەرهەمی دانپیانانە بە فرەیی كۆمەڵگا، لە هەندێ بارودۆخیشدا  رێگا چارەی تێپەڕاندنی قەیرانی قووڵی سیاسییە، تاوەكو هەموو هێز و تواناكان بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتی و پێكەوە نیشتمان و دامەزراوە دەستورییەكانی دەوڵەت لە هەژان و  مەترسی بپارێزن.

سیستمی دیموكراسی رێبازێكی كەم خەوش و گونجاوترینە، بۆ كۆكردنەوە و ئاراستەكردنی هەموو وزە جیاوازەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گشتی و تایبەتییەكان لەناو كۆمەڵگەدا، لە رێگای دامەزراوەی دەوڵەتی و پەیڕەوكردنی حكومڕانییەكی باش.